سیاسەتمەدارێکی ئەمریکی: ھەڵوێستی ئەمریکا لەسەر ریفراندۆم بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا گەشە دەکات
کێن تیمێرمان، نوسەر، سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی سەر بە پارتی کۆمارییەکان، لە لێدوانێکی تایبەتدا ڕایگەیاند: "ئەگەرچی ئەنجامدانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە عێراقدا بابەتێکی ھەستیارە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بۆ کورد ھەنگاوەکی ئەرێنییە".
سەبارەت بە ھەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ لەسەر رێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، ئەو نووسەرە، دەڵێت: "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ماوەیەکی درێژ نییە لە پۆستەکەی دەستبەکار بووە و پێویستە بزانین کە ئەو ھەموو سیاسەتی ئەمریکا داناڕێژێت، بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە ھەڵوێستی ئەمریکا لەسەر ئەم بابەتە بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا گەشە دەکات".
ئەو رۆژنامەنووسە ئەمریکییە، جەختی لەوەش کردەوە: "رێفراندۆم بۆ دروستکردنی بەرەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوو، ناسنامەیەکی نەتەوەیی لە نێو کورد ھەنگاوێکی ئێجگار کاریگەرە، ھاوکات ھێزی پێشمەرگەی کوردستانیش وەک ھێزێکی جەنگاوەری یەکگرتوو و کاریگەر لە ناوچەکە، فاکتەرێکی سەرەکی سەرکەوتنی پڕۆسەی سەربەخۆییە، ئەمریکا لە ڕێگەی ڕاھێنان و پڕچەککردنی پێشمەرگە ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ ئەوەی کورد بگاتە ئەم قۆناغەی ئێستا".
کێن تیمێرمان، گوتیشی: "ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پشتگیری زیاتری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدەست بێنێت، پێویستە نیشانی جیھانی بدات کە کوردستانێکی سەربەخۆ دەبێتە کیانێکی سێکولار و دیموکراسی تێیدا پەیڕەو دەکرێت".
باسنیوز
