پێنجوێن.. هاووڵاتیان داوای بڕە داهاتی سنووری نێودەوڵەتیی باشماخ دەكەن

پێنجوێن.. هاووڵاتیان داوای بڕە داهاتی سنووری نێودەوڵەتیی باشماخ دەكەن
هاووڵاتیانی پێنجوێن دژی پشتگوێخستنی شارەكەیانن و پێیان وایە سەرباری ئەو داهاتەی کە لەسنووری باشماخەوە دەست دەکەوێت، هیچ پڕۆژەیەكی ستراتیژی و گرنگ لەو دەڤەرە جێبەجێ نەبووە.



لە سنووری شاری پێنجوێن، كەمپینی "نا بۆ دزینی داهاتی مەرزی باشماخ" لەلایەن چالاكوانان و رۆشنبیران و ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانەوە راگەیەندرا.



لەو بارەیەوە، "عومەر كەریم"، سەرپەرشتیاری كەمپینەكە، راگەیاند: بەداخەوە پێنجوێن بەپێی پێگەكەی بوایە، دەبوو ئێستا باشترین خزمەتگوزاری و پرۆژەی تێدا جێبەجێ بكرایە، بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەم شارە بێ خاوەنە و كەس لەخەمیدا نییە، ئەمەش لە كاتێك دایە كە شارەكەمان، خاوەنی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و چەندین مەرزی لاوەكیی دیكەیە كە رۆژانە داهاتێكی زۆری هەیە و دەگاتە ملیارەها دینار".



ئاماژەی بەوەش كرد: "ئێستا وەك ژمارەیەكی زۆر لە رۆشنبیران و نووسەران و چالاكوانان و هاووڵاتیانی سنووری شاری پێنجوێن و دەوروبەری، لەپێناو شەفافی داهاتی مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتوانی ناوچەكەمان، ئەم كەمپینەمان راگەیاندووە و لە رۆژانی داهاتوو و نزیكدا كار و چالاكییەكان و فشارەكانمان بۆ سەر بەرپرسانی ئیداری سنووری پێنجوێن و پارێزگای سلێمانی و دەسەڵاتدارانی یەكێتی و گۆڕان چڕ دەكەینەوە و داوای مافەكانمان دەكەین".



جەختیشی كردەوە: "یەكێتی و گۆڕان بەرپرسیارێتیی پێنجوێن و مەرزی باشماخیان لە ئەستۆیە و ئەو داهاتەی دەستیان دەكەوێت، نایگەڕێننەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان".




باسنیوز
Top