سەرۆکی جڤاتی پەکەکە لە شنگال دەستی لەکار کێشایەوە
وەیسی نایف، سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای شنگال، راگەیاند: خدر ساڵح کەسێکی شنگالی بوو کە بووبوو بە سەرۆکی جڤاتی پەکەکە لە شنگال، بەر لە چەند رۆژێک دەست لەکار کێشانەوەی لە پەکەکە ڕاگەیاند، جێی داخە کە ئێستا خدر ساڵح لە خانەسۆر لەنێو پەکەکەدایە و خەڵک بۆ حەشدی شەعبی ناونووس دەکات. واش دیارە کە دەست لە کارکێشانەوەی لە پەکەکە بە ئامانجی بەدیھێنانی ھەندێک مەرامی حەشدی شەعبییە لە خانەسۆر".
سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای شنگال ئەوەشی ڕوون کردەوە: "پاش ئەوەی پەکەکە لە شنگال تووشی شکست ھات، بە ھەندێک رێی دیکە ھەوڵ دەدات خەڵکی شنگال لە خۆی کۆ بکاتەوە، بەتایبەتی لەڕێی ھاندانی خەڵکەوە بۆ چوونە نێو حەشدی شەعبی، ئێمە پێمان وایە کە ئەمە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان پەکەکە و حەشدی شەعبییە کە ئەو گەنجانەی ڕیزەکانی پەکەکەیان جێ ھێشتووە لەڕێی حەشدی شەعبییەوە بیانگێڕنەوە نێو ڕیزەکانی پەکەکە، بەڵام خەڵکی شنگال لە ھەموو پلانێکی دوژمنان ھۆشیارترن، بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن".
وەیسی نایف بۆ (باسنیوز)ی ئاشکرا کرد: "ھەر کەسێک ریزەکانی پەکەکە جێ بھێڵێت، ناتوانێ لەو شوێنانەدا بژیت کە لە ژێر دەسەڵاتی پەکەکەدایە، بۆیە ئێمە سەبارەت بە دەست لەکارکێشانەوەکەی خدر ساڵح لە سەرۆکایەتیی جڤاتی شنگالی سەر بە پەکەکە، بەگومانین، چونکە ئەو دەستی لەو پۆستە کێشاوەتەوە و لە خانەسۆریش کە لە ژێر دەسەڵاتی پەکەکەدایە، خەڵک بۆ حەشدی شەعبی ناونووس دەکات".
سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای شنگال ئەوەشی ڕوون کردەوە: "پەکەکە لە شنگال جڤاتێکی ھاوشێوەی کانتۆنەکانی خۆی لە دەڤەرەکەدا دروست کردبوو، بەڵام بەر لە چەند ڕۆژێک، خدر ساڵح دەستی لەکار کێشایەوە و ئێستاش جڤاتەکەی پەکەکە بڵاوەی لێ کردووە، پاش ئەوەی خەڵکی شنگال باوەڕیان بە پەکەکە نەما، ئیدی دەبینین لە شنگال بەرەو نەمان دەچن". هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە خەڵکی دەڤەرەکە ”ڕووی راستەقینەی پەکەکەیان بۆ دەرکەوتووە“، بۆیە ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی پەکەکەیان جێ ھێشتووە، گەلێ زۆر بووە، بەشی ھەرە زۆری ئەوانەی ریزەکانی پەکەکە جێ دەھێڵن، پەیوەندی بە پێشمەرگەی کوردستانەوە دەکەن، ئێستا چەندین کەس ریزەکانی پەکەکەیان جێ ھێشتووە و لە سەربازگەی مەشق و راھێنانی پێشمەرگەدا دەست بەکار بوون، ھەروەھا گەلێ کەسی دیکەش دوای تەواوکردنی مەشق و ڕاھێنان، ئێستا لەنێو ڕیزەکانی پێشمەرگەی کوردستاندا خاکی کوردستان دەپارێزن، وەک ئەو باسی کرد.
وەیسی نایف ئاماژەی بەوەش دا کە پەکەکە تووشی قەیرانێکی ناوخۆ بووە لە قەزای شنگال، بە تایبەتی پاش ئەوەی خەڵکی شنگال دەستیان لە پەکەکە کێشایەوە و بوون بە پێشمەرگە، بەھۆی ئەوەوە پەکەکە چاودێرییەکی توندی خستووەتە سەر ئەو کەسانەی خەڵکی شنگال کە تا ئەم کاتە لەنێو ریزەکانی ئەو پارتەدا ماونەتەوە، ھەموو رێیەکیان لێ گیراوە، بەڵام ئەو کەسانەی خەڵکی شنگالن و تا ئێستا لە نێو پەکەکەدا ماون ھەر دەرفەتێک بەدی بکەن، ریزەکانی پەکەکە جێ دەھێڵن.
ھەروەھا گوتی: "خەڵکی شنگال گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە ھیچ کەس و لایەن شنگال ئاوەدان ناکاتەوە و رێ بۆ گەڕانەوەی ئاوارەی شنگال خۆش ناکات، تەنیا پێشمەرگەی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆک بارزانی نەبێ، ھەر ئەو سێ لایەنە شنگال ئاوەدان دەکەنەوە و ژیان و گوزەرانی خەڵکی شنگال دابین دەکەن. ئەمە راستییەکە بۆ خەڵکی شنگال ساخ بووەتەوە“.
باسنیوز
