کەسوکاری مەلا مەحموود داوای جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا دەکەن
پارێزەی کەیسی کوشتنی مەلا مەحموود عوسمان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دادگا بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ ھەر 3 تۆمەتباری کەیسەکە دەرکردووە، تاوانباری چوارەمیش کەیسەکەی جیاکراوەتەوە.
برزۆ سەعید، پارێزەری کەیسی کوژرانی مەلا مەحموود عوسمان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 13/7/2017، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند: "ئێستا بڕیاری لەسێدارەدان بۆ تۆمەتباران دەرچووە، ھەر کەسێک بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەربچێت بە ماوەی 10 ڕۆژ بەپێی پڕۆسەکە ئۆتۆماتیکی تەمیز دەکرێتەوە، دەبێت بۆ دەستەی گشتی بڕوات، لەوێ 15 دادوەر گفتوگۆی لەسەر دەکەن و دوای ئەوەی بڕیارەکە دەرچوو، بۆ سەرۆکایەتیی ھەرێم دەنێردرێت و دەبێت سەرۆکی ھەرێمی کوردستان واژۆ لەسەر بڕیارەکە بکات، بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
دادگا تاوانەکانی ھەولێر لە دوا دانیشنی دادگاییکردنی تۆمەتباراندا بەپێی مادەی 406، کە بڕگەکانی (ئ، ح، ج) دەیانگرێتەوە، بڕیاری لە سێدارەدان بۆ بکوژرانی کەیسی کوشتنی مەلا مەحموود دەرچووە.
ھەر لەو کۆنگرەیە رۆژنامەوانییە، باوکی مەلا مەحموود، ئەوەی خستەڕوو: "بڕیارەکەی دادگا دادپەروەرانە بوو، دەمانەوێت بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت و تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن".
لە شەوی 31/1/2017 مەلا مەحموود عوسمان، لەلایەن چوار کەسەوە لە گەڕەکی منارەی شاری ھەولێر کوژرا و بڕێک پارەی لێ دزرا.
bas news-
