خەڵکی دەڤەری هەورامان خۆشحاڵن بە دیاریکردنی کاتی ڕیفراندۆم
ڕۆژی چوارشەممە، 7ی 6ی 2017 لە سەلاحەدین، نوێنەرە باڵاكانی پارتە سیاسییەكانی ناو پارلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆك و جێگری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان، لەگەڵ (مەسعوود بارزانی)، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بە تێكڕای دەنگ بڕیاریان دا، کە ڕۆژی بیستوپێنجی ئەیلوولی 2017 وەك ڕۆژی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا دیاری بکرێت. دوای ئەو بڕیارە خەڵکی دەڤەری هەورامان دڵخۆشن، (سیروان شەریف)، خەڵکی دەڤەرەکەیە و پیشەی خوێندکارە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''دەمانەوێت لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا بە ''بەڵێ'' دەنگ بدەین، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بە چاوی خۆمان کیمیاباران و ئەنفال و جینۆسایدێکی دیکە نەبینینەوە، ئێمە لە دەڤەرەکەماندا هەزاران شەهیدمان داوە، تا کوردستان گەیشتووەتە ئەم قۆناغە، ئەم جارە بە خوێن دەنگ دەدەین بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆمان، ئەگەر چانسی ئەوەشمان نەبووبێت، ببینە پێشمەرگە، ئەم ڕێیە دەمانگەیەنێتە ئامانجەکانی پێشمەرگە و هەمووشمان، خۆمان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی لەو ڕۆژەدا بچینە بەردەم سندوقی ڕیفراندۆم و بە ''بەڵێ'' دەنگ بدەین.''
(شیلانە ئیسماعیل)، کچێکی فەرمانبەرە و خەڵکی دەڤەری هەورامانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''هەموومان چاوەڕێی ڕۆژێکی ئاوامان دەکرد، کە بە مافەکانی خۆمان شاد ببین، ئیستاش ئێمە، خۆمان ئامادە کردووە بۆ ئەو ڕۆژە تا لەو ڕێیەوە وەڵامی سەرجەم ئەو زوڵم و ستەمکارییانە بدەینەوە، کە دەرحەق بە گەلی کوردستان کراون، لەوە دەچێت خەڵکانێک هەبن لەوە تێنەگەن، کە چی دەگوزەرێت، لە سنووری ئێمە ماوەی دەیان ساڵە بە هۆی جۆگەلەیەکی ئاوەوە گرفتمان لەگەڵ وڵاتێکی دراوسێ بۆ دروست بووە، ناشتوانین چارەسەری بکەین، چونکە نە بەغدا خۆی دەکات بە خاوەنی ئەم خاکە و نە دەشتوانین بەبێ دەوڵەت و سەربەخۆیی هەنگاو بۆ چارەکردنی گرفتەکان بنێین، بۆیە باشترین ڕێی یاسایی و مەدەنی، دەنگدانە بە ''بەڵێ'' بۆ ڕیفراندۆم.''
هاوکات، (شەریف غەفوور)، هاووڵاتییەکی بەتەمەنی خەڵکی دەڤەرەکەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە مێژووی کورددا هیچ کاتێک بەقەت ئێستا دەرفەت نەڕەخساوە بۆ ئەوەی خۆمان لە پاشماوەکانی پۆستاڵی بەعس ڕزگار بکەین، تا ئێستاش عەقڵییەتی بەعسی مامەڵە لەگەڵ کوردستان دەکات، ئێستاش دەرفەتێک بۆ کوردستان هاتووەتە پێشەوە، کە مافی خۆی دیاری بکات، من کاتێک لە دیار تەلەفزیۆن دانیشتبووم، هەواڵی ڕیفراندۆم و کاتەکەیم بیست، لەخۆشیا نەمدەزانی چی بکەم، بۆیە هەموومان بە ''بەڵێ'' دەنگ بۆ ڕیفراندۆم دەدەین.''
هاوکات (فازڵ بەشارەتی)، بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری هەڵەبجە و هەورامان بە ماڵپەڕی فەریمی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''خەڵکی ئەم دەڤەرە قوربانیی زۆریان بۆ خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان داوە، هەزاران کەس لەم سنوورە شەهید بووە، بۆیە دەبینین خەڵک بە پەرۆش و گوڕوتینێکی زۆرەوە خۆشەویستیان بۆ دیاریکردنی کاتی ڕیفراندۆم دەردەبڕن و چاوەڕوانین باشترین دەرەنجامی ڕیفراندۆم لەم دەڤەرە بێت و خەڵک زۆر خۆشحاڵە بە دیاریکردنی کاتەکەی.''
(بەشارەتی) ئەوەشی خستەڕوو: ''بۆ ئەوەی زامی برینداران و خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ نەچێت، سەرجەممان دەچین بۆ ''بەڵێ''گوتن بە ڕیفراندۆم.''
kdp-
