زیرەک کەمال: قورساییی سیاسیی هەرێم وای کرد کە ڕووسیا ڕێککەوتنی لەگەڵدا بکات
راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندی ھەرێم بۆ ڕووسیا، (زیرەک کەمال) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سەردانی شاندی ھەرێم بۆ ڕووسیا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا و لە سەرووی ھەمووانەوە سەرۆکی ڕووسیا، ئەوەندەی ڕەھەندی سیاسیی قووڵی ھەبوو، ئەوەندە پرسێکی ئابووری نەبوو، بۆیە بەشێک لە میدیاکان بە حوکمی نەبوونی میتۆدێکی زانستی یان نەخوێندنەوەی ڕووداوەکان، بە ھەڵە باسی ئەو سەردانە دەکەن، چونکە کاتێک سەرۆکی ڕووسیا، کە یەکێکە لە وڵاتە زلھێزەکانی دنیا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم کۆ دەبێتەوە، پێویستە ڕەھەندێکی سیاسیی بدرێتێ، چونکە ڕووسیا دەتوانێت دەستکاریی نەخشەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانیش بکات.''
(زیرەک کەمال) گوتی: ''ئەو سەردانەی شاندی ھەرێم بۆ ڕووسیا ھەوڵێکی گەورەیە بۆ ئەوەی ھەرێم بچێتە سەر نەخشەی سیاسی و ئابووریی ڕووسیا، چونکە ڕووسیا وڵاتێکە، کە زۆرێک لە وڵاتان تەمەننا دەکەن مەرحەبایەکیان لێ بکات، بۆیە سەردانی ئەو شاندەی ھەرێم بۆ ڕووسیا جێی دڵخۆشییە و سەرکەوتنی بەدەست ھێناوە و لە داھاتوودا ئەنجامی ئیجابیی دیاری دەبێت.''
(زیرەک کەمال) گوتیشی: ''ئێستا ھەرێمی کوردستان قورسایییەکی سیاسیی یەکجار گەورەی پەیدا کردووە و گەیشتووەتە ئاستێک، کە وڵاتێکی وەکو ڕووسیا، نەک حیسابی بۆ دەکات، بگرە دانیشتن و ڕێککەوتنیشی لەگەڵ دەکات، بۆیە پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ڕووسیا لە بەرژوەندیی ھەرێمی کوردستاندایە.''
kdp-
