بنەماڵەی ڕسوڵ مامەند: لە کتێبەکەی مام جەلالدا ناهەقیی زۆر لە تێکۆشەرانی گەلەکەمان کراوە

بنەماڵەی ڕسوڵ مامەند: لە کتێبەکەی مام جەلالدا ناهەقیی زۆر لە تێکۆشەرانی گەلەکەمان کراوە


وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر بە کتێبی (دیداری تەمەن لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری)، بنەماڵەی رەسوڵ مامەند، نیگەرانیی خۆیان لەبارەی ”بەلاڕێ دابردنی ڕاستییەکان“ لە تێبی (دیداری تەمەن) بڵاو کردەوە.
، ئارام ڕەسوڵ مامەند بە ناوی بنەماڵەی ڕەسوڵ مامەندەوە ڕای گەیاندووە: ”زۆرێک لە وانەی بیرەوەرییەکانیان دەنووسنەوە، ھەڵدەستن بە بەخشینی ڕۆڵی قارەمانانە بۆ خۆیان و زۆرجاریش خوێنەر ئەوەندە لێیان قەبووڵ دەکات و تاڕادەیەک ئەوە قەبوڵ دەکرێت. بە داخەوە ئەوەی لە کتێبەکەی سەڵا‌ح رەشید بە ناوی (دیداری تەمەن لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری) نووسراوە، نەک تەنیا بەخشینی ڕۆڵی قارەمانانەیە بە مام جەلال، بەڵکو چەواشەکردنی مێژوو و خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمانە. لەم کتێبەدا نا‌هەقی و ناڕاستیی زۆر بەرامبەر زۆرێک لە کەسایەتی و تێکۆشەرانی گەلەکەمان کراوە“.

ئارام ڕەسوڵ مامەند جەختی لەوە کردووەتەوە: ”ئێمە وەک بنەماڵەی ڕەسوڵ مامەند، ھەرگیز ئامادەنین قەبووڵی ئەم ھەموو چەواشەکاری و ناڕاستییە بکەین کە دەرهەق بە ڕەسوڵ مامەند کراوە لە لایەن نووسەر و تەنانەت خودی مام جەلالیشەوە. ئێمە بۆ خەڵکی کوردستان ئەوە ڕادەگەیەنین کە وڵاممان دەبێت و ڕاستییەکان دەخەینە ڕوو“.

ڕوونیشی کردووەتەوە: ”زۆر ڕاستیی ڕووداوەکان لای ئێمە ھەیە و تا ئێستا باسمان نەکردووە، بەڵام ئیدی کاتی ئەوە ھاتووە کە گۆمەکە بشڵەقێنین و ھەرگیز ناھێڵین مێژوو و خەباتی پاکی ئەو سەرکردانە بەم شێوەیە بە لاڕێدا ببردرێت“.

ڕەسوڵ مامەند، ساڵی 1981 بووەتە سکرتێری حزبی سۆسیالیست و بەشداری لە پێکهێنانی بەرەی کوردستانیدا کردووە، دواتر بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لە 12/4/1994 لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، کۆچی دوایی کردووە.

bas news-
Top