سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەیامێکی هاوخەمی بۆ بەریتانیا دەنێرێت

 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەیامێکی هاوخەمی بۆ بەریتانیا دەنێرێت
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەیامی هاوخەمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ گەل و حکوومەتی بەریتانیا دەنێرێت.

بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە 4.6.2017، فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر، کردووە.

فوئاد حوسێن بەناوی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پەیامی ”هاوخەمیی و دڵسۆزی“ لە رێگای کونسوڵخانەکەوە بۆ گەل و حکوومەتی بەریتانیا ناردووە.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ”تیرۆر ھەڕەشەیەکی جیھانی و ھەمەلایەنە و لەم ڕووداوە تیرۆریستییەدا گەلی کوردستان ھاوخەمی گەلی بەریتانیایە“.

پێشتر مارک رۆلی، جێگری سەرۆکی پۆلیسی لەندەن رایگەیاندووە، درەنگانی شەوی شەممە 3.6.2017 لەسەر پردی (لەندەن بریدج)، سێ کەسی تیرۆریست بە پاسێکەوە خۆیان بە رێبواراندا کێشاوە و دواتر یەکێکیان لە پاسەکە هاتووەتە خوارەوە و بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر رێبوارانی سەر پردەکە و دواتر هەر سێ کەسەکە کوژراون.

هێرشەکە هەروەک تێرێزا مەی، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاندووە، بووەتە هۆی کوژرانی حەوت کەس و برینداربوونی 48 کەسی دیکە.















باسنیوز
Top