"گەلی کوردستان ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەموو ھەڕەشە و ڕەفتاری نابەجێی خەڵکی تر"
ئەمڕۆ شەممە 3/6/2017 وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کە لە ماوەی رابردوودا تەلیباوی، کە فەرماندەیەکی چەکدارەکانی عەسائیبی ئەھلی حەقی ناو حەشدی شەعبییە، دژی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لێدوانی دابوو، وەزارەتی پێشمەرگە، رای دەگەیەنێت: " ھەر ئێوەن موسڵتان تاڵان کردووە و پێشتر سەدان کەستان بێسەروشوێن کردووە و ڕێگەی تەعەداتان گرتووەتەبەر و ھەموو لایەک ئاگاداری ڕەفتارەکانی ئێوەیە".
ئەمەش دەقی روونکردنەوەکەیە:
روونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، لێدوانێکی تەلیباوی کە فەرماندەیەکی چەکدارەکانی عەسائیبی ئەھلی حەقی ناو حەشدی شەعبییە لە میدیاکان بڵاو بووەتەوە، ئەو لێدوانە و لەھجەکەی، دوژمنکارانە و بێ بنەمایە لەدژی پێشمەرگە و ھەرێمی کوردستان و بۆنی ھەڕەشە و فیتنەگێڕی و شەڕفرۆشی لێدێت.
ڕەنگە ئەم ھەڕەشەیە تەواوکاری ھەڕەشە و قسە نابەجێکانی مالیکی بێت لە دژی گەلی کوردستان، جێگەی داخە ڕۆژانە لێدوانی دوژمنکارانە و سەیر و سەمەرەی ھاوشێوە لە دژی پێشمەرگە و کوردستان دەبیسرێت کە جێگەی سەرسوڕمانە، پرسیار ئەوەیە ھەتا کەی فەرھەنگی گەفوگوڕ و قڕکردنی کورد دەبێ باڵادەست بێت؟.
گەلی کوردستان شەڕی تیرۆری کرد، لەسایەی قوربانیدانی پێشمەرگە لەو شەڕە سەختەدا سەرکەوت، بە خوێنی پێشمەرگە ئەفسانەی داعش تێکشکا و خاکی کوردستان لە داگیرکاریی تیرۆریستان ئازاد کرا، پێشمەرگە بە شمشێری کەس شەڕ ناکات، بە درێژایی مێژووی خەباتیدا پێشمەرگە بێ کەسترین ھێز بووە و بۆ بەرگریکردن لە کوردستان ھەمیشە پشتی بە ئیرادە و خوێنی خۆی و پاڵپشتیی گەلی کوردستان بەستووە، ئەوە ئێوەن کە ئەگەر ڕاوێژکار و ھێزی بیانی و ھەرێمایەتیتان لەگەڵدا نەبێت ناتوانن شەڕی یەک مەفرەزەی داعشیش بکەن، ھەر ئێوەن مووسڵتان تاڵان کردووە و پێشتر سەدان کەستان بێسەروشوێن کردووە و ڕێگەی تەعەداتان گرتووەتەبەر و ھەموو لایەک ئاگاداری ڕەفتارەکانی ئێوەیە.
گەلی کوردستان تەعەدای لە کەس نەکردووە و تەعدایش لە کەس قبوڵ ناکات و ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەموو ھەڕەشە و کەڵەگایی و ڕەفتاری ناھەق و نابەجێی خەڵکی تر، ھیوادارین ئەمجۆرە دەنگانە تەمسیلی حەشد نەکەن و داوایش لە عاقڵمەند و چاکەخوازانی شیعە دەکەین سنوورێک بۆ زێدڕۆیی و ھەڕەشەکانی ئەو جۆرە کەس و تاقمانە دابنێن.
bas news-
