چەمچەماڵ.. پرۆفیسۆرێکی ئیسرائیلی سەردانی مۆنۆمێنتی ئەنفالی کرد

چەمچەماڵ.. پرۆفیسۆرێکی ئیسرائیلی سەردانی مۆنۆمێنتی ئەنفالی کرد
ئەمڕۆ شەممە، پرۆفیسۆرێکی ئیسرائیلی و ھاوسەرەکەی بە یاوەری دکتۆر محەمەد ئیحسان، ڕاوێژکاری یاسایی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی مۆنۆمێنتی ئەنفالیان لە شارۆچکەی چەمچەماڵ کرد.



ھابیل ئەحمەد کەریم، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ، ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ 3/6/2017 پرۆفیسۆر یار ئەورۆن، کە پرۆفیسۆرە لەبواری سیاسەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مامۆستای زانکۆ بووە لە ئیسرائیل و ماوەی 30 ساڵیش بەڕێوەبەری مۆزەخانەیەکی تایبەت بە ھۆڵۆکۆست بووە لە ئۆرشەلیم، لەگەڵ ھاوسەرەکەی و د. محەمەد ئیحسان، ڕاوێژکاری یاسایی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی مۆنۆمێنتی ئەنفالیان لە شارۆچکەی چەمچەماڵ کرد".



گوتیشی: "ئامانج لە سەردانەکەی کۆکردنەوەی زانیاری بووە لەسەر جینۆسایدی گەلی کورد، چونکە بڕیارە لە کۆنفرانسێکی زانکۆییدا لە ئیسرائیل بابەتێک لەسەر ئەو پرسە پێشکەش بکات".



ئاماژەی بەوەش دا: "بینینی مۆنۆمێنتی ئەنفال کاریگەرییەکی زۆری ھەبووە لەسەر خۆی و ھاوسەرەکەی، ھەرچەندە پێشتریش زانیارییان لەسەر شاڵاوەکانی ئەنفال ھەبووە، بەڵام بەقەد بینینی مۆنۆمێنت و وێنە و پاشماوەی ئەنفالکراوان کاریگەریی لەسەر دانەناون".


بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ، گوتیشی: "ڕاوێژکاری یاسایی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چوار لە کتێبە چاپکراوەکانی خۆی پێشکەشی مۆنۆمێنت کردووە و ئێمەش ژمارەیەک کتێبمان لەسەر جینۆساید پێشکەشی پرۆفیسۆر یار ئەورۆن و ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی حکوومەت کرد".
bas news-
Top