"حزبەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، پشتگیری لە ریفراندۆم دەكەن"

حزبە كوردستانییەكانی رۆژئاوای كوردستان، ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییی كوردستان بە دەرفەت دەزانن بۆ ئەوەی هەموو پارچەكانی دیكەی كوردستان ئازد ببن و، وەك سەركردەكانیشیان دەڵین، پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەكەن.

(فوئاد عەلیكۆ)، ئەندامی لیژنەی سیاسی لە پارتی یەكێتیی كوردی لە سووریا و سكرتێری پیشووی حزبەكە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "هەر كوردێك هەستی كوردایەتیی هەبێت، پێویستە پشتگیریی ریفراندۆم بكات، چونكە ئەمە خواستی گەلێكی زوڵملێكراوە و پێویستە لەسەر هەر كوردێك لە هەر كوێیەكی جیهان بێت، پشگیری لە ریفراندۆم بكات".

(عەلیكۆ) گوتیشی، "ریفراندۆم تاكە شتە گەلانی ژێردەست رزگار دەكات و مافی هەموو گەلێكە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و هیچ كەس ناتوانێت رێگری بكات، كوردیش هەمان مافی هەیە وەك گەلانی دونیا بژیت و وڵات و ئاڵای خۆی هەبێت".

هەر سەبارەت بەم پرسە، (عەبدولڕەحمان ئابۆ)، ئەندامی سەركرادیەتیی ئەنەكەسە و ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان- سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ریفراندۆم تاكە چارەیە گەلان لە سایەیدا سەربەست و ئازاد ببن و لە ژێر حوكم و ستەمی بێگانەدا نەمێنن، لەبەر ئەوەیش بە خوێنی خۆمان لەگەڵ ریفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستانین، چونكە چەندان ساڵە میللەتی كورد لە باشووری كوردستان و (سەرۆك بارزانی) كار بۆ دەوڵەتی كورستان دەكەن و، ئەمەیش خەونی هەموو كوردێكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرە".

(ئابۆ)، گوتیشی، "سەربەخۆییی كوردستان لەسەر دەستی (جەنابی سەرۆك)، هیوایەكمان پێ دەبەخشیت كە هەموو پارچەكانی كوردستان سەربەخۆ بن".

هاوكات (هۆران حەمەد)، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی ئازادیی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "هەر لە كۆنەوە گەلی كورد ئازاری چەشتووە و ئەنفال و كیمیاباران و دەردەسەریی زۆری بینیوە، بەڵام سەری خۆی بۆ هیچ دوژمنێك دانەنەواندووە، بۆ جیهانیش دەركەتووە كە كورد پێویستە سەربەخۆ بێت و پاڵپشتیی ئەمەریكا و رۆژئاوایشی بە دەست هێناوە، هەروەها بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی) مەزنترین رێكخراوی تیرۆریستیی تێك شكاندووە، بۆیە مافی گەلی كوردە سەربەخۆ بێت و وەك هەموو گەلانی دونیا ببێتە خاوەنی وڵاتێكی ئازاد".
bas news-
Top