نیعمەت عەبدوڵڵا: پێوەندیی هەرێم و ڕووسیا دەچێتە قۆناغێکی نوێی کاریگەرەوە
سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان، (نیعمەت عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەرێمی کوردستان پێویستی بەوە ھەیە پیوەندیی زیاتر لەگەڵ وڵاتان دروست بکات، بەتایبەت وڵاتانی زلھێز، لەوانە وڵاتی ڕووسیا، بۆ ئەوەی ئەو دۆخەی ھەیە تێێدا سەرکەوتوو بێت و پەیوەندییەکانیش لە بەرژوەندیی ھەردوو لادا بێت، بۆیە سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێم بۆ ڕووسیا و ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی نەوتی ھەنگاوێکی زۆر باشە و سەرکەوتنێکی دیکەی ھەرێمی کوردستانە و كاریگەرە.''
(نیعمەت عەبدوڵڵا) گوتی: ''ئێمە پێویستمان بەوە ھەیە پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتان زیاتر پێش بخەین، بۆیە ئەو ڕێککەوتنەی کراوە، جگە لە سوودی ئابووری، زۆر سوودی سیاسیشی ھەیە، بۆیە بەو ڕێککەوتنەی نێوان ھەرێم و ڕووسیا پەیوەندییەکان دەچنە قۆناغێکی دیکەوە و ھەنگاوێکی دیکەش دەچێتە پێشەوە.''
سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان گوتیشی: ''وڵاتێکی وەکو ڕووسیا کە بەو شێوەیە پەیوەندیی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان باش بێت، کە لە بواری نەوتدا ڕێککەوتن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکات، ئەوە ھەنگاوێکی ئیجابی و زۆر دڵخۆشکەرە و کاریگەریی باشیشی دەبێت بۆ پێشوەچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و ڕووسیا.''
kdp-
