ئازاد ئەبوبەکر: هەڕەشەکان کاریگەرییان لەسەر ڕیفڕاندۆم نابێت

ئازاد ئەبوبەکر: هەڕەشەکان کاریگەرییان لەسەر ڕیفڕاندۆم نابێت
(ئازاد ئەبوبەکر)، چاودێری سیاسی پێی وایە، ئەوەی (مالیکی) دەیکات و دەیڵێت بۆچوونی ھەموو شیعە و شەقامی شیعە نییە، تەنیا بۆچوونی خۆیەتی، ئێمە لەگەڵی ڕاھاتووین و دەشڵێت، ھەڕەشە و لێدوانەکانی ھەندێ کەس و لایەنیش ھیچ کاریگەرییان لەسەر پڕۆسەکە نابێت و ئەمساڵ ڕیفڕاندۆم بەڕێوەدەچێت.

(ئازاد ئەبوبەکر)، چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو کاتەی لە عێراق حکوومەتێکی بەھێز ھەبوو، (مالیکی)، خۆی سەرۆکی ئەو حکوومەتە بوو، ھەموو تواناکانی بەکار ھێنا بۆ دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان، ئەوەی پێی کرا و بۆی چووەسەر، کردی؛ ھەر لە پێکھێنانی ھێزی دیجلە و بڕینی قووتی ھاووڵاتییانەوە، ئەوەی بەرامبەر بە گەلی کوردستان نەیکرد، پێی نەکرا، لەگەڵ ئەو ھەموو دژایەتییەش (مالیکی) ھیچی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان پێ نەکرا، ئەگەر ئەو کات لە لووتکەی دەسەڵاتدا بوو ھیچی پێ نەکرا، ئێستا تەنیا سەرۆکی کۆتلەیەکە، چی پێ دەکرێت.''

ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ئەوەی (مالیکی) دەیکات و دەیڵێت، بۆچوونی ھەموو شیعە و شەقامی شیعە نییە، تەنیا بۆچوونی خۆیەتی، ئێمە لەگەڵی ڕاھاتووین. بەر لە ھەموو ھەڵبژاردنەکان پڕوپاگەندە بۆ خۆی دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا ھێرش دەکاتە سەر ھەرێمی کوردستان و کورد، بەڵام وەک جارەکانی دیکە ھیچی پێ ناکرێت.''

(ئازاد ئەبوبەکر) گۆتیشی: ''مەبەست لەو ھەڕەشە و کێشانەی بۆ ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، ئەوەیە کە پڕۆسەی سەربەخۆیی سەرنەگرێت، بەڵام ھەرچەندی دژایەتیی ڕیفڕاندۆم بکرێت، ھەرێمی کوردستان زیاتر موکڕ دەبێت لەسەر پرسی سەربەخۆیی و دڵنیام ئەمساڵ پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت و سەریش دەکەوێت، چونکە ئیرادەیەکی زۆر لە لایەن ھاووڵاتییان و لایەنە سیاسییەکانەوە بۆ پرسی سەربەخۆیی و ڕیفڕاندۆم ھەیە، ئەو ھەڕەشە و لێدوانانەی ھەندێ کەس و لایەنیش ھیچ کاریگەرییان لەسەر پڕۆسەکە نابێت.''

kdp-
Top