"داعش هەوڵ دەدات سەقامگیریی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کورستان تێك بدات"

بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و شارەدێكانی كەركووك ڕای دەگەیەنێت پاش ئەو شكشتەی لە شەڕی مووسڵ تووشی ڕێكخراوی داعش بووە، ئێستا بەشێك لە هێزەكانیان گواستووەتەوە بۆ سنووری قەزای حەویجە و بەنیازن باری ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تێك بدەن.

عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و شارەدێكانی كەركووك، ڕایگەیاند "دوای ئەو شكستانەی لە شەڕی پارێزگای نەینەوا ڕووبەڕووی هێزەكانیان بووەتەوە، ئێستا ڕێكخراوی داعش بەشێك لە هێزەكانی گوستووەتەوە بۆ سنووری قەزای حەویجە و بەپێی زانیارییەكانمان كە لە سەرچاوە تایبەتەكانمانەوە دەستمان كەوتووە دەیەوێت، باری ئەمنیی كەركووك و خورماتوو دووبز بشێوێنێت و بۆ ئەوەش هەموو هێز و توانای خۆیان خستووەتە گەڕ".

لە درێژەدا گوتیشی "چەكدارانی داعش بۆ مانەوە و بۆ بەرزركردنەوەی ورەی خۆیان و خێزانەكانیان هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی، هێزە ئەمنییەكان و هێزەكانی پێشمەرگەش پلانی تایبەتیی خۆیان هەیە بۆ شكستپێهێنانی ئەو كارەی تیرۆریستان".













باسنیوز
Top