ئاڵا تاڵەبانی شانازی بە ”عێراقچێتی“یەوە دەکات و داوا دەکات گومان لە عێراقیبوونی نەکرێ

 ئاڵا تاڵەبانی شانازی بە ”عێراقچێتی“یەوە دەکات و داوا دەکات گومان لە عێراقیبوونی نەکرێ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە میانی بەرنامەیەکی کەناڵی (ئافاق)ی سەر بە نووری مالیکی، بە شانازییەوە باس لە هەستی عێراقپەروەرێتیی خۆی دەکات و داوا دەکات گومان لە عێراقبوونی نەکرێت.

ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەو بەرنامەیەدا کە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە دانیشتووە، لە وەڵامی قسەی بازرگانێکی عەرەبدا کە پێی دەڵێت: ”لەگەڵ ڕێزم بۆ نازناوەکەت، هیوا دەخوازم نازناوەکەت بکرێت بە ئاڵا عێراقی“، بە بازرگانە عەرەبەکە دەڵێت: ”بۆ گومانت لە عێراقیبوونی من هەیە؟“، بۆیە بازرگانە عەرەبەکە وەڵامی ئاڵا تاڵەبانی دەداتەوە: ”نەخێر، بێگومان نیشتمانپەروەریت لە من زیاترە“.

هەر لەو دیدارەدا ئاڵا تاڵەبانی باس لەوە دەکات: ”دەڵێن تاڵەبانییەکان سەر بە هۆزی (بەنی ئەسەد)ن و هەندێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بە کچە مام بانگم دەکەن“.

ئەم هەڵوێستەی ئاڵا تاڵەبانی بەرامبەر بە عێراق و جەخت کردنەوەی لە عێراقیبوونی خۆی لە کاتێکدا دێت کە لە دوایین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (ئەخباریە)ی لوبنانی، نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی و ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، داوای لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، لەسەر هەڵوێستە نیشتمانییەکانیان بەردەوام بن.











باسنيوز
Top