ئاڵا تاڵەبانی شانازی بە ”عێراقچێتی“یەوە دەکات و داوا دەکات گومان لە عێراقیبوونی نەکرێ
ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەو بەرنامەیەدا کە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە دانیشتووە، لە وەڵامی قسەی بازرگانێکی عەرەبدا کە پێی دەڵێت: ”لەگەڵ ڕێزم بۆ نازناوەکەت، هیوا دەخوازم نازناوەکەت بکرێت بە ئاڵا عێراقی“، بە بازرگانە عەرەبەکە دەڵێت: ”بۆ گومانت لە عێراقیبوونی من هەیە؟“، بۆیە بازرگانە عەرەبەکە وەڵامی ئاڵا تاڵەبانی دەداتەوە: ”نەخێر، بێگومان نیشتمانپەروەریت لە من زیاترە“.
هەر لەو دیدارەدا ئاڵا تاڵەبانی باس لەوە دەکات: ”دەڵێن تاڵەبانییەکان سەر بە هۆزی (بەنی ئەسەد)ن و هەندێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بە کچە مام بانگم دەکەن“.
ئەم هەڵوێستەی ئاڵا تاڵەبانی بەرامبەر بە عێراق و جەخت کردنەوەی لە عێراقیبوونی خۆی لە کاتێکدا دێت کە لە دوایین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (ئەخباریە)ی لوبنانی، نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی و ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، داوای لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، لەسەر هەڵوێستە نیشتمانییەکانیان بەردەوام بن.
باسنيوز
