بەرپرسێکی یەکێتی: کەس ناتوانێت سلێمانی جیا بکاتەوە
پاش ئەوەی بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان جارێکی دیکە بانگەشەی بەهەرێمکردنی سلێمانییان تازە کردەوە، ڕێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای ھەولێر، ڕاگەیاند: ”ئەوەی باس دەکرێت قسەی بێ بنەما و پڕوپوچە لەڕووی سیاسییەوە، ئەگەرنا ئێمە داوای کوردستانی بەھێز و یەکگرتوو دەکەین، خێرە کەسانێک باس لە بەھەرێمکردنی سلێمانی دەکەن؟ یانی ئەمە قسەیەکی ئەوەندە بێ بنەمایە کە ڕەنگە ھیچ حزبێک قسەی لەسەر نەکات، بڵاو کردنەوەی ئەم شتانە بۆ سەرئێشاندنی خەڵک و سەرودڵگرتنی خەڵکە، ئەگەرنا ئەمانە چین بڵاو دەکرێنەوە؟".
ئەوەشی خستە ڕوو، ئێستا ھەرێمی کوردستان لە لێواری بڕیارێکی گرنگە لەبارەی داھاتووی خۆیەوە و گوتی: ”پارتی و یەکێتی پێکەوە دانیشتنیان کردووە، بڕیارە لەگەڵ حزبەکانی دیکەش کۆبوونەوە بکرێت، ئێستا خێرە کەسێک یان چەند کەسێک پێشنیارێکی لەو شێوەیە دەکەن؟ بۆیە ئەم پرۆژەیە نە یەکێتی و نە حزبەکانی دیکەش ھەر بیری لێ ناکەنەوە و باسیشی ناکەن، قسەیەکە بۆ شڵەقانی سیاسی بەکارھێنراوە و کەسیش ناتوانێت سلێمانی جیا بکاتەوە“.
باسنیوز
