پسپۆڕان: بەرپرسانی ڕووسیا بە فۆڕمێكی نوێ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دهكەن
پرۆفیسۆر دكتۆر (خەلیل ئیسماعیل) شارەزا لە جیۆگرافیای سیاسی، پێوهست به بانگهێشتكردنی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەلومەرجی ئێستای هەرێمی كوردستان وا دەخوازێت كە بەردەوام لە كرانەوەدا بێت لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا، بە تایبەتی گەورەوڵاتان، چونكە ئێمە لە قۆناغێكی مێژوویی و هەستیارداین و لەم جۆرە سەردان و دیدارانەدا دەنگ و پرسی گەلەكەمان بە جیهان دەگەیەنین. لەلایەكی تریشەوە پاڵپشتی و پشتگیری بۆ هەرێمەكەمان زیاتر دەكەین، ئاخر ئەمساڵ بەنیازین ریفراندۆم ئەنجام بدەین و هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێین".
دكتۆر (خەلیل) گوتیشی: "بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كودستان بۆ وەها كۆڕبەندێك، بۆ سیاسەتی دروستی سەرۆكی حكوومەت دەگەڕێتەوە و دەرخەری ئەم راستییەیە كە هەرێمی كوردستان هەنگاوی زۆر ئەرێنیی ناوە لە ناوچەكەدا و رۆژ بە رۆژ پێگەكەی لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئابوورییەوە بەهێزتر دەبێت".
ئەو شارەزایەی جیۆگرافیای سیاسی دهشڵێ: "لە كاتێكدا سەركردەی زۆرینەی وڵاتانی جیهان لەم دیدارەدا ئامادە دەبن، بێگومان سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك دیداری دەبێت لە پەراوێزی كۆڕبەندەكەدا، ئەمەیش كردنەوەی دەرگای زیاترە بە ڕووی پرسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و، وا دەكات وڵاتان پشتگیری لە بڕیارەكانی هەرێم بكەن".
زیاتر گوتی: "لە زۆرینەی وڵاتاندا بە شێوەیەكی جیاواز پێشوازی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) و، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) دەكرێت، ئەمەیش بۆ سیاسەتی حەكیمانەی ئەم دوو سەركردەیە دەگەڕێتەوە كە توانیاویانە لەسەر ئاستی جیهان بە سیاسەتێكی دروست و گفتوگۆی سیاسیانە سەرنجی وڵاتانی جیهان بۆ لای پرسی كورد رابكێشن."
لای خۆیەوە، دكتۆر (سەباح خۆشناو) پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بانگهێشتنامەی وڵاتانی گەورە و كۆڕبەند و كۆبوونەوە جیهانییەكان، گرینگییەكی یەكجار زۆریان هەیە و، ئەو راستییەیش دەردەخات كە رۆژ بە رۆژ هەرێمی كوردستان بەرەو پێش و پایەی بەرزتر دەڕوات. لە دوای دەرهێنانی نەوت، هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی راستەوخۆ چووەتە سەر نەخشەی ئابووریی جیهان."
(خۆشناو) گوتیشی: "هەرێمی كوردستان لە دەرهێنانی نەوت و گاز دا سەركەوتوو بووە، ئەمەیش وای كردووە وڵاتانی گەورەی جیهان چاو ببڕنە هەرێم و كاری هاوبەشی لەگەڵدا بكەن لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە و، خۆیان لەگەڵ سیاسەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بگونجێنن، هەروەها لە داڕشتنەوەی سیاسەتی داهاتووی وڵاتەكانیاندا هەرێمی كوردستان بخەنە نێو هاوكێشە سیاسییە سەرەكییەكانیان و پاڵپشتی بكەن. دەبێ ئێمەیش وا لەو وڵاتانە بگەیەنین كە پاڵپشتی ئەوانین و ئامادەییمان هەیە بۆ بەردەوامبوون لە كاری هاوبەشی سیاسی و ئابووری و سەربازی و چەندان رەهەندی تر."
دكتۆر (رێبوار بابكەیی) پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان و مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كاتێك وڵاتێكی گەورەی وەكو رووسیا بە فەرمی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوەت دەكات، ئەمە دەرخەری ئەو راستییەیە كە ڕووسیا بە فەرمی ددانی ناوە بە پێگەی سیاسی و سەربازی و ئابووریی هەرێمی كوردستاندا و، هەوڵ دەدات پەیوەندییەكانی بەرەو پێش ببات لە گشت رووەكانەوە، چونكە بۆی روون بووەتەوە هەرێمی كوردستان لە داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق بە تایبەتی، دەورێكی باڵای دەبێت و دەبێ وەكو هاوكار و هاوپەیمان و دۆستێك لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەڵسوكەوت بكات، بۆیەیش حكوومەتی هەرێم ئاوا بە فەرمی داوەتی كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووری كراوە لە ڕووسیا، بەرپرسانی ڕووسیا ئامادەن بە فۆڕمێكی نوێ و شێوازێكی دروست مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكانی هەرێمدا بكەن."
(بابكەیی) گوتیشی: "سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) بۆ پایتەختی ئابووریی ڕووسیا بۆ جاری دووەم، گرینگییەكی یەكجار زۆری هەیە و بەشداریپێكردنی هەرێم لەم كۆڕبەندەدا دەستكەوتێكی گەورەیە و بایەخێكی مەزنە بە هەرێمی كوردستان دراوە".
ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەكان ئاماژەیشی دا: "گرینگیی بەشداریی شاندی حكوومەتی هەرێم لەم كۆڕبەندەدا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەركردەی وڵاتانی بەشدار لە پەراوێزی كۆڕبەندەكەدا كۆبوونەوەی دووقۆڵی و چەندقۆڵی ئەنجام دەدەن و، لەسەر پرسە سیاسی و ئابووری و سەربازی و جیۆپۆلۆتییكیەكان گفتوگۆ دەكەن و دەكرێ لەسەریشی رێك بكەون."
kdp-
