لەزگین: ھیچ پێوەندییەكمان لەگەڵ حەشدی شەعبیدا نییە

 	 لەزگین: ھیچ پێوەندییەكمان لەگەڵ حەشدی شەعبیدا نییە
سەرپەرشتیاری ھێزی پێشمەرگە لە شنگال، ڕەتی دەكاتەوە كە حەشدی شەعبی لە سنووری شنگال خەندەقی بۆ دیاریكردنی سنوور لێدابێت و دەشڵێت، تا ئێستا ھیچ ڕێككەوتنێك نەكراوە و ھیچ پێوەندییەكیشیان لەگەڵ حەشدی شەعبیدا نییە.

(سەربەست لەزگین)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''لە دوای ھاتنی بەرپرسی یەكەمی حەشدی شەعبییەوە بۆ لای (سەرۆك بارزانی)، ھیچ ڕێككەوتنێك لە نێوان ئێمە و حەشدی شەعبیدا لە سنووری شنگال نەكراوە و، ئەوان لە بەرانبەر ئێمەدا وەستاون و ئێمەش لە شوێنی خۆمانین و ھیچ پێوەندییەكیشمان لەگەڵ یەكتریدا نییە.''

(لەزگین) گوتی: ''ئێستا ئەوان بەنیازن لەسەر سنووری سووریا بەرەو بەعاج ھێرش بكەن و لە سەنگەرەكانی ھێزی پێشمەرگە نیزیك نەبوونەتەوە.''

سەرپەرشتیاری ھێزی پێشمەرگە لە شنگال ڕوونی كردەوە: ''ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كە حەشدی شەعبی لەو ناوچانەی ڕزگاری كردوون خەندەقی لێداوە، ڕاست نین و تەنیا سەنگەری خۆیان قایم كردووە، ئەویش بە مەبەستی خۆپاراستنە لە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و تیرۆریستی خۆكوژ، بۆیە ھیچ خەندەقێكیان لێ نەداوە، کە وەكو سنوور بۆ خۆیانی دیاری بكەن.''

لەبارەی دەنگۆی پەیوەندیكردنی خەڵكێكی زۆر بە حەشدی شەعبییەوە، (لەزگین) گوتی: ''ئەوە دەنگۆیە و بە ھیچ شێوەیەك ڕاست نییە، چونكە لە دوای ھاتنی حەشدەوە، ژمارەیەكی زۆر كەم چوونەتە ڕیزەكانیانەوە، ئەوانیش ئەو كەسانەن، کە بۆ دەستكەوتی ماددی و بەدەستھێنانی دەرفەتی كار چوون، نەك وەكو ئینتیما بۆ حەشدی شەعبی، دەنا كەس نەچووە، كە پێشمەرگە بێت، یان پلەیەكی ھەبێت.''

(لەزگین) دەشڵێت: ''خەڵكی شنگال بە شێوەیەكی گشتی ئینتیمایان بۆ ھێزی پێشمەرگە هەیە و لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندان، نیزیكەی حەوت ھەزار كوردی ئێزدیی ئەو سنوورە لە ناو ڕیزەكانی ھێزی پێشمەرگەدان.''
kdp-
Top