د. کاوە شاوڵی: هەنگاوەکانی بارزانی بۆ داهاتووی کوردستان گەرەنتین

 	 د. کاوە شاوڵی: هەنگاوەکانی بارزانی بۆ داهاتووی کوردستان گەرەنتین
(د.کاوە شاوڵی)، ئەندامی نوێنەرایەتیی باڵای پارتی دیموکراتیی کوردستان لە فەرەنسا و مامۆستای زانکۆ، باس لە گرینگیی پەیوەندیی دیپلۆماسیی (سەرۆک بارزانی) و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لەگەڵ جیهانی دەرەوە و دەڵێت، گەرەنتیی زۆر شت بە (بارزانی) دراوە.

(د. کاوە شاوڵی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''هەر گۆڕانکارییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکرێت، یان وڵاتانی گەورە بیانەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانکاری بکەن، بەبێ هەڵوێستی (سەرۆک بارزانی) سەر ناگرێت و نابێت، هەڵویستی (بارزانی) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووەتە سەنگی مەحەک، چونکە سەرپەرشتیی بەهێزترین بەرەی جەنگ دەکات، کە هەموو جیهان بە دەستییەوە دەناڵێنێت، لەم لاشەوە باڵانسی هێزی لە ناوچەکەدا ڕاگرتووە، خۆی بەسەر هیچ بەرەیەکدا ساغ نەکردووەتەوە، زۆر کەس پێی وابوو، کە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان زیاتر دەچنەوە بەرەی ئەمەریکا، بەڵام سەردانی ئەم دواییەی (نێچیرڤان بارزانی) بۆ ڕووسیا ئەو دەنگۆیانەی کوژاندەوە، مێژوویش ئەوەی سەلماندووە، ئەگەر خۆمان لەسەر بەرەیەک ساغ بکەینەوە، ئامانجەکانمان بەدی نایەن، بۆیە ئیستاش شارەزایەکی بەهێز بۆ کورد پەیدا بووە، ئەویش (سەرۆک بارزانی)یە، لە دیپلۆماسیی دەرەوەشدا (بارزانی) پێشەنگە و گوێ بۆ بۆچوونەکانی دەگیرێت، زۆر وڵات داوایان لە (بارزانی) کردووە، پێشنیاریان بۆ بکات.''

(د. کاوە شاوڵی) گوتی: ''(بارزانی) توانیویەتی لە ماوەیەکی کەمدا دیپلۆماسیی کوردستان بگەیەنێتە لووتکە، ئەوەی لە میدیاکاندا لەسەر سەرکەوتنی کورد باس دەکرێت، زۆر لەوە کەمترە کە لە واقعی حاڵدا هەیە، چونکە کوردستان وەک وڵاتێکی زلهێز و بەهێز مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لە داهاتووشدا کوردستان دەبێتە ژمارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.''

(د. کاوە) دەشڵێ: ''وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ (بارزانی) کردووە، کە زیاد لە دوو بابەت باس کراوە، چەند ڕۆژێک پێش ئیستاش کاک (مەسروور بارزانی) لە ئەمەریکا بوو، لەوێ شتێکی باش بۆ کوردستان بەدەست هاتووە و بەڵێنی باش وەرگیراوە، ئیستاش داعش بەرەو کۆتایی دەڕوات، وڵاتانی زلهێز دەیانەوێت زیاتر خۆیان لە کوردستان نیزیک بکەنەوە و کوردستان چاوەڕوانی خەڵاتی بردنەوە دەکات، چونکە بە جوانترین شێوە بەرگریی لە خۆی و مرۆڤایەتی لە ناوچەکەدا کردووە.''

ئەوەشی خستەڕوو: ''هەنگاوەکانی جیهان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندان، کە خۆی لە پرۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییدا دەبێنێتەوە و ئەوانیش لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر خەتن، لە ماوەی ڕابردوودا زۆرترین پشتیوانی لە هەنگاوەکانی (بارزانی) دەربڕدراوە، ئەم پشتوانییە دەرەنجامی دەبێت، ڕەنگە لە داهاتوویەکی نیزیکدا زۆر شت ڕوو بدات، بەتایبەت پشتیوانی بۆ داهاتووی کوردستان و ئەو پشتیوانییە ڕادەگەیەینن، کە کێن و چۆنن.''
kdp-
Top