بوخاری عەبدوڵڵا: مالیکی دەیەوێت خۆی هەراج بکات تا بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات

بوخاری عەبدوڵڵا: مالیکی دەیەوێت خۆی هەراج بکات تا بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات
شرۆڤەکارێکی سیاسی پێی وایە، (نووری مالیکی) دەیەوێت لە ڕێی دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستانەوە سەرنجی شەقامی عەرەبی بۆ خۆی ڕابکێشێت و بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات و دەشڵێت، (مالیکی) چەندی خۆی ھەراج بکات بە دژایەتیکردنی کورد و مافەکانی، جارێکی دیکە نابێـتەوە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق.

(د. بوخاری عەبدوڵڵا)، شرۆڤاکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە گوێرەی ئەو ئەزموونەی من لەگەڵ سیاسەتمەدارانی عێراق ھەمە، لە بەغدا ئەوەم بۆ ڕوون بووەتەوە، ھەڕەشەکردن لە ھەرێمی کوردستان و ئەزموونەکەی، بەشێکە لە شۆڤێنیزم و ئەوەی کە دژایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکات، شوڤێنیزمی شەقامی عەرەبییە. لەبەر ئەوە (نووری مالیکی) دەیەوێت خۆی لەو شەقامە ھەراج بکات و بە دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە بە شێوەیەکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ سەر دەسەڵات، ئەوەش لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان. بەڵام (مالیکی) بەشێکی بچووکە لە دەسەڵات، ڕاستە سەرکردەی حزبی دەعوەیە، بەڵام ئاشکراشە ئەو پێگە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەی پێشووی نەماوە.''

(د. بوخاری عەبدوڵڵا) گۆتی: ''من پێشبینی ناکەم (مالیکی) بەو شێوازە بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات، چونکە بە دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان و نیزیکبوونەوە لە ھەندێ ھێزی ئیقلیمی، کە سەنگ و مەکانەتیان لە ناوچەکە و جیھاندا نەماوە، بتوانێت پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەدەست بێنێتەوە، کاتی خۆی کە (مالیکی) دەسەڵاتی بەدەستەوە بوو، زۆر کارەسات و نەھامەتی بەسەر عێراقدا ھاتن و باوەڕ ناکەم لایەنە عێراقییەکان جارێکی دیکە ڕێ بە دووبارەبوونەوەی دەسەڵاتی (نووری مالیکی) بدەن، چونکە بە ھەموو پێوەرەکان لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا کەسێکی شکستخواردووە.''
kdp-
Top