نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمانی ئەورووپای کرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1/6/2017 د.دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی پەرلەمانی ئەورووپای کرد و لەلایەن لارس ئەداکتوسۆن، پەرلەمانتاری دیاری ئەورووپییەوە، لە فراکسیۆنی پارتە مەسیحییەکانی ئەورووپا کە گەورەترین فراکسیۆنی نێو پەرلەمانی ئەورووپایە پێشوازی لێ کرا.
لەمبارەوە نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی یەکێک بوو لە تەوەرە سەرەکییەکانی دیدارەکە، ھیوامان خواست کە پەرلەمانی ئەورووپا، وەک دامەزراوەیەکی گرنگی ئەورووپی پشتگیری لە ویستی ڕەوای خەڵکی کوردستان بکات، لە کاتێکدا کە فەرمانڕەواکان لە بەغدا ساڵانێکە دەستووری عێراق پێشێل دەکەن و فیدرالیزم کاری پێناکرێ".
ئاژگەیی، ئەوەش دەخاتەڕوو: "ئەو پەرلەمانتارە، پشتگیری خۆی بۆ خەڵکی کوردستان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند وەک پرانسیپێک ئەوان لەگەڵ دەربڕینی ئارەزوومەندانە و ئاشتییانەی ھەموو گەلێکن و ھیوای خواست کە ھەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی لایەنەکان لە یەکتر نزیک بکاتەوە".
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ کرا و بەتایبەتی ڕەوشی ئاوارەکانی موسڵ تاوتوێکرا. لەو بارەیەوەبڕیاردرا کۆنفرانسێکی تایبەت بەو پرسە لە پەرلەمانی ئەوروپا ساز بکرێ و حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش وەک لایەنێکی گرنگ بەشداری ئەو کۆنفرانسە دەبێ کە وا بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە لە پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوەبچێ.
باسنیوز
