ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی: وا بریارە ڤلادیمێر پووتین لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى کۆ ببێتەوە
عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە گەرمەى ڕووداوەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، هەرێمى کوردستان وەک ئەکتەرێکى کارا لەبەرچاو گیراوە، هەموو لایەنەکان ئەوانەى ئەمڕۆ دەسەڵاتى جیهانیان بەدەستەوەیە، گەیشتوونەتە ئەو باوەرەی، کە چیتر نەخشەى سەردەمى (سایکس -پیکو) دەرفەتى ژیانى لە بەردەمدا نەماوە، بەڵکوو سەرچاوەى ناسەقامگیری و هۆکارى سەرەکیى کێشەى گەلانى ناوچەکەیە".
گوتیشی: "دەسەڵاتە نەریتییەکانى ڕۆژهەڵات تواناى پێشکەوتنیان نییە و خاوەن بیرى تەسک و خوسەپێنەرن، بۆیە مانەوەى ئەم نەخشەیە هەڕەشەیەکى گەورەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانى وڵاتە زلهێزەکان".
عارف ڕوشدی ئەوەش دەخاتەڕوو: "هەرێمى کوردستان وێستگەیەکى زۆر گرنگە بۆ راگرتنى هاوسەنگى جیۆپۆلەتیکى و پاراستنى بەرژەوەندییە هاوبەشەکانە، وەک بەڵگە و نموونە هەر ئەمڕۆ سێ ڕووداوى گرنگ لە ئارا دان: یەکەمیان، پێشوازیکردنى بەرپرسی هێزەکانى هاوپەیمانی نێودەوڵەتى لە عیراق و سووریا لەلایەن سەرۆکى هەرێمەوە، دووەم : پەیوەندیی تەلەفونى لە نێوان وەزیرى دەرەوەى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و سەرۆکى هەرێمی کوردستان، سێیەم: لە چوارچێوەى ئامادەبونى شاندێکى باڵاى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆڕبەندى ئابووریى (پترسبورگ)دا لە رووسیا وێڕاى گرنگى ئامادەبوونەکە، وا بریارە (ڤلادیمێر پۆتین)ى سەروکى رووسیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانىدا کۆ ببێتەوە".
ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەم ڕووداوانە وای کردووە کە رەگەزپەرستانى تائیفى بەم رووداوانە و هەڵکشانى پێگەى هەرێم تووشى هیستیریا ببن و دەربڕینی نالۆژیک بڵاو بکەنەوە.
باسنیوز
