پۆلیسی ڕاپەڕین: ئافرەتێك بە ئەشكەنجە گیانی لەدەست داوە
گوتەبێرژی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكرای كرد كە ئەمڕۆ چوارشەممە 31 ی ئایار، لە شارۆچكەی قەڵادزێی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، تەرمی ئافرەتێك لە ماڵی خۆیاندا دۆزراوەتەوە كە بە ئەشكەنجەدان گیانی لەدەست داوە.
ڕائید، شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین لە لێدوانێكدا ڕاگەیاند: "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 31 ی ئایار تەرمی ئافرەتێك بەناوی (ك.ح) تەمەن 36 ساڵە و پیشەی ژنی ماڵەوە لە ماڵەكەی خۆیان لە شارۆچكەی قەڵادزێ دۆزرایەوە".
گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین گوتیشی "ژنەكە ئاسەواری ئەشكەنجەدان بە جەستەیەوە دیارە و پێدەچێت بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دابێت".
ئاشكراشی كرد "بەمەبەستی زانینی هۆكاری ڕاستەقینەی گیان لەدەستدانی ئافرەتەكە ئێستا تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە و لێكۆڵینەوەش لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستی پێ كردووە".
منداڵێكی بچووكی ئەو ئافرەتەش لەگەڵ خۆیدا ئەشكەنجە دراوە و ئێستا لەژێر چاودێریی تەندروستی دایە و پۆلیسیش لە هەوڵ دایە ئەنجامدەرانی بدۆزێتەوە".
bas news-
