شاندێکی پارتی لە پۆڵۆنیا پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییان خستەڕوو

 	 شاندێکی پارتی لە پۆڵۆنیا پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییان خستەڕوو
شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (هێمن هەورامی) لەسەر بانگهێشتی پۆڵۆنیا، سەردانی ئەو وڵاتەیان کرد و لە دیدارەکاندا شاندی پارتی پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستانیان خستەڕوو.

سیاسەتى بەرەو ڕیفراندۆم گشت جومگەکانى پارتى دیموکراتى کوردستانى خستووەتەگەڕ بۆ گەیاندى ئەم پرسە نیشتمانییە و بە ئەنجامگەیاندنى بە فۆڕمێکى یاسایى و ئاشتیانە. هەروەها بۆ ئەوەی دیدگاى (سەرۆک بارزانى) و هەرێمى کوردستان لەو بارەیەوە بگەیەننە وڵاتانى دۆست لەسەر ئاستى جیهانی و ناوچەیى و نێودەوڵەتى. لەم چوارچێوەیەدا (هێمن هەورامى)، بەرپرسى بەدواداچوونی کارە سیاسییەکان و پێوەندییە گشتییەکانی مەکتەبى سەرۆک بە سەرۆکایەتیى شاندێک دەچێتە پۆڵۆنیا، کە پێشتر بانگهێشتنامەیەکی فەرمیى لە لایەن حکوومەتى ئەو وڵاتەوە بۆ ئەو شاندە نێردراوە.

حکوومەتی پۆڵۆنیا بە هۆی گرنگیدانیان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و فراوانتربوون و بەرەوپێشەوەچوونی ئەو پەیوەندییانە لە بوارە جیاجیاکاندا، بۆ یەکەمین جار لە ئاستێکی فەرمیدا، شاندێکی لە کوردستانەوە بانگهێشتی وڵاتەکەی کرد، بۆ دیداری زانستی و سیاسی لەگەڵ دامودەزگا و دامەزراوە گرینگەکانى ئەو وڵاتە.

شاندەکە، پێکهاتووە لە بەڕێزان (هێمن هەورامی)، بەرپرسى بەدواداچوونی کارە سیاسى و پەیوەندییە گشتییەکان لە مەکتەبى سەرۆک و (ئەمیر عەبدوڵڵا جەرگیس)، بەرپرسی دیسکی ئەورووپای پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان.

شاندەکە لە ڕۆژی یەکەمی سەردانەکەیدا چەندین شوێنی گرینگی وارشۆی پایتەختی پۆڵۆنیای بەسەر کردەوە، کە خەبات و قوربانیدانی گەل و وڵاتی پۆڵۆنیای پێشان دەدا لە مێژووی هاوچەرخیاندا و کاریگەرییەکانی شەڕی جیهانیی یەکەم و دووەم و پرۆسەی دامەزراندنی کۆماری پۆڵۆنیا، کە هاوشێوەی گەلی کورد نەتەوە و وڵاتەکەیان بۆ زیاتر لە سەدەیەک بەسەر چەندین زلهێزی ئەورووپادا دابەش کرابوو، لە پێناوی گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی قوربانییەکی زۆریان بەخشیوە. هەربۆیە گەلی پۆڵۆنیا هاوسۆزییەکی زۆریان هەیە بۆ خەباتی گەلی کورد لە پێناوی ئازادیدا و قوربانیدانی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و بەختەوەری.

لە ٢٩/٥/٢٠١٧دا شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لایەن خاتوو (ڕێناتا تژچینسکا)، کونسووڵی پێشووی کۆماری پۆڵۆنیا لە هەرێمی کوردستان لە نێو باڵاخانەی وەزارەتی دەرەوە پیشوازییان لێ کرا و دواتر لە لایەن خاتوو (یۆئەننا ڤرۆنێتسکا)، جێگری وەزیری دەرەوەی پۆڵۆنیا و ژمارەیەک کارمەندی وەزارەتەوە بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا و لە دیدارێکی چڕوپڕدا بە فراوانی باسی دواپێشهاتەکانی ناوچەکە و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و شەڕی داعش و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە و بەرەوپێشەوەچوونی پرسی کورد لە پەیوەندییە سیاسی و نێونەتەوەیەکاندا کرا، هەروەها پرسی ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی و بەتایبەتیش گەشەکردنی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری پۆڵۆنیا و هەرێمی کوردستان تەوەری سەرەکیی قسەکانى هەردوو لا بوو. لە لای خۆیەوە (‌‌هێمن هەورامی)، پەیامی (سەرۆک بارزانی) گەیاندە وەزارەتی دەرەوەی پۆلۆنیا، کە تێیدا سوپاس و ستایشی گەل و حکومەتی پۆڵۆنیای کرد، کە لە سەختترین بارۆدۆخدا، گەل و حکومەتەکەیان پشتیوان و هاوسۆز و هاوکاری پێشمەرگەی کوردستان بوون لە شەڕی تێکشکاندنی مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی جیهاندا، کە داعشە. (هەورامى) داواى لە بەرپرسانى حکومەتى پۆڵۆنیا کرد، ئێستاش وڵاتەکەیان لە ڕێی یەکێتیی ئەورووپاوە پشتیوان و هاوکاری هەرێمی کوردستان بێت بۆ بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمی دیاریکردنی چارەنووسی هەرێمی کوردستان بەرەو ئاراستەی سەربەخۆیی. دواتریش (هێمن هەورامی) وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیای بانگهێشت کرد بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان و فراوانترکردنی پەیوەندیی نێوان هەردوو لا و ئاشنابوون بە دواپەرەسەندنەکانی ناوچەکە.

لە لای خۆیەوە جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری پۆڵۆنیا ستایشی پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانی کرد لە پیشکەشکردنی هاوکاری بۆ قوربانیان و ئاوارەکانی شەڕ لە سەرجەم ئایین و پێکهاتەکان، کە پەنایان بۆ کوردستان هێناوە و کەلتووری بەرزی پێکەوەژیان و ئازادی و دادپەروەری و مافی مرۆڤی لە کوردستاندا بەرز نرخاند، بە تایبەتی پیرۆزبایی و ستایشی قارەمانێتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی کرد، کە لە سەرجەم بەرەکانی جەنگدا ئەفسانەی تیرۆریستانی داعشیان تێکشکاند، کە هەڕەشەن بۆ سەر مرۆڤایەتی و جیهانی ئازاد و شارستانی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. هەروەها گوتی، گەلی کوردستان قوربانییەکی زۆری بەخشیوە، کە مایەی ڕێزە و ڕێز لە ماف و ئازادیی گەلی کورد دەگرن و خوازیارن بە ڕێی دیالۆگ و ئاشتیانە کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارە بکات و وڵاتەکەیان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی و هاوکاری بۆ هەریمی کوردستان و عێراق لە شەڕی داعش لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی تیرۆردا و بە گرنگییەوە دەڕواننە پەیوەندییەکانیان لەگەل هەرێمی کوردستاندا، هەربۆیە وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیا بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان داوە و لە نیزیکترین دەرفەتدا کۆماری پۆڵۆنیا کونسووڵخانەی گشتیی وڵاتەکەی لە هەولێری پایتەخت دەکاتەوە. شاندەکە دواتر لە لایەن وەزارەتی دەرەوە و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی فەرمانگەی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەت نیوەڕۆخوانێکیان بۆ ڕێکخرا و لەو نیوڕۆخوانەشدا بە تێروتەسەڵی لەسەر پرسە گەرمەکانی ناوچەکە و پرسی کورد بەتایبەتی و تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا و پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و شەڕی داعش و چەندین قەیران لە ناوچەکەدا و پرسە سیاسی و ستراتیژییەکان و تێروانینی هەرێمی کوردستان بۆ قۆناغی دوای داعش و چەندین بابەتی تری جێی بایەخی هەردوو لا گفتۆگۆیان کرد و، ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرز نرخاند و ئامادەیی خۆیان بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان پێشان دا.

شاندی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە لایەن بەرپرس و ستافی بەڕێوەبەری (دەزگای کاژمێژ پۆواسکی) بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی و شیکاری و پرسەکانی ستراتیژی و ئاسایش و پێشکەوتن بە گەرمی پێشوازی کران. (هێمن هەورامی) بە وردی و لە ڕوانگەی (سەرۆک بارزانی)یەوە ڕەهەندەکانی گۆڕانکاریی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و پشتیوانیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆستی کوردستانی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و شەڕی تیرۆر و تێگەیشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لە داوا ڕەواکانی هەرێمی کوردستان و گرینگیی هەرێمی کوردستان بۆ ئاشتی و سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆری لە ڕوانگەی تیۆری و مێتۆدە زانستییەکانی لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی ستراتیژی و شیکارییەوە بۆ دەزگای ناسراوی (کاژمێژ پۆواسکی) شی کردەوە و وەڵامی پرسیارە شیکاری و سیاسی و تیۆرییەکانیانی دایەوە؛ لە تێروانینیان لەسەر پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕووبەرووبوونەوەی هزری داعش و تێڕوانینیان لەسەر ئێستا و ئایندەی هەرێمی کوردستان بۆ دوای نەمانی داعش و ڕایانگەیاند، کە دەزگاکەیان بە گرینگییەوە دەڕوانێتە پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان و لە ئایندەدا هەرێمی کوردستانیش دەخەنە نێو بازنەی چاڵاکییەکانی خۆیان و کەسانی پسپۆڕ و ئەکادێمی لە هەرێمی کوردستانەوە بانگهێشتی کۆنفرانس و فۆرۆمە تایبەتییەکانی دەزگاکەیان دەکەن، کە ساڵانە لە وارشۆی پایتەخت ساز دەکرێن و ئامادەیی خۆیان پێشان دا بۆ ئاشنابوون بە هەرێمی کوردستان و لێکۆڵینەوەی شیکاری و ئەکادیمی و توێژینەوەی زانستی لەسەر پرسی کورد سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن. شاندی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە ڕۆژانی داهاتووشدا چەندین دیدار و سەردانی تر لەگەڵ دامەزراوە گرینگەکانی حکوومەتی پۆڵۆنیا و ناوەندە ستراتیژی و هزری و زانستییەکانی پۆڵۆنیا بەڕێوە دەبەن.
kdp-
Top