"ئەمەریکا کورد بە دۆستی ستراتیژیی خۆی لە ناوچەکەدا دەزانێت"
(زێرەڤان بەرواری)، مامۆستای زانکۆ و شارەزای سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سیاسەتی ئەمەریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر بنەمای ئەمنی و ئابووری داڕێژراوە، بەتایبەتی لە بواری جیوسیاسی و گرینگیی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە لەسەر بنەمای سیاسی لە سیاسەتی جیھاندا. گرینگینەدانی ئەمەریکا بە کێشەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دوای بەھاری عەرەبی، کاریگەریی لەسەر سیاسەتی ئەمەریکا کردووە، ھەر ئەوەش وای کرد، باڵانسی ھێز لە بەرژەوەندیی ڕووسیا و ھەندێ وڵاتی ناوچەکە بشکێتەوە، لەبەر ئەوە ئەمەریکا لە ھەوڵی ئەوەدایە ھەڵەکانی ئیدارەی (باراک ئوباما) چارە بکات و جارێکی دیکە ھاوپەیمانییەکی نوێ پێک بێنێت و گرینگی بە ھاوپەیمانە کلاسیکەکانی بدات، وەک سعوودیە و تورکیا، ئەو ھاوپەیمانەتییە نوێیەش بە شەرعییەتی نێودەوڵەتی دروست دەکرێت، لە ڕێی کۆنگرەی ئیسلامی و کەنداوەوە، ئەمەریکا فشاریشی خستووتە سەر ڕووسیا بەشدار بێت لە دارشتنی نەخشەی نوێی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەویش بە مەرجێک باڵانسی ھێز ڕابگرن و لە بەرژەوەندیی ئەمەریکادا بێت.''
دەربارەی ھەڵوێستی ئەمەریکا لە ھەمبەر ھەرێمی کوردستاندا ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتی: ''ئەمەریکا ھەرێمی کوردستان بە دەڤەرێکی ستراتیژی دەزانێت و ڕاستەوخۆ لە سیاسەتی دەرەوەدا گرینگیی زۆر بە ھەرێمی کوردستان دەدات، لە لایەکی دیکەوە ئەمەریکا بە گرینگییەوە دەڕوانێتە ڕەوشی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، ئەویش بۆ پاراستنی پڕۆژەکەی لە عێراقدا، بەڵام ئەمەریکا دەیەوێت فشار بخاتە سەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ھێزی پێشمەرگە زیاتر ڕێک بخرێن و ئەویش بۆ بەھێزکردنی ھاوپەیمانیی لەشکری لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.''
(زێرەڤان بەرواری) گۆتیشی: ''ڕاستە ئەمەریکا تا ئێستاش لەگەڵ عێراقێکی فیدڕاڵدایە، بەڵام لەگەڵ ئاڵۆزبوونی ڕەوشی سیاسی و ئابووریدا، ئەمەریکا بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان بە یەکێک لە سیناریۆکانی داھاتوو دەبینێت بۆ جێبەجێکردنی پلانی (جۆبایدن) لەسەر دابەشکردنی عێراق بۆ سێ پێکھاتەی سەرەکی. سەردانی ڕۆژانی ڕابردووی (مەسروور بارزانی) و شاندی یاوەری بۆ ئەمەریکاش بۆ وەرگرتنی گەرەنتیی ئەمەریکایە لە دوای شەڕی داعش و گرتنەوەی مووسڵ، چونکە قۆناغی دوای داعش قۆناغێکی دیکەیە و ئەگەری مەترسی ھەیە لەسەر ھەرێمی کوردستان لەلایەن ھەندێ ھێزی وەک حەشدی شەعبی و وڵاتی ئیقلیمیەوە.''
kdp-
