هەرێمی کوردستان داوای وەبەرهێنان لە کۆمپانیا روسییەکان دەکات
رۆژنامەی (ئەزڤێستیا)ی رووسی لە راپۆرتێکدا باسی سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری بۆ ئەو وڵاتە بەمەبەستی بەشداربوون لە کۆڕبەندی ئابوری سان پێترسبۆرگ، دەکات.
بەپێی راپۆرتەکە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە کۆمپانیا رووسییەکان بە تایبەت کۆمپانیاکانی گاز و نەوت کردووە، کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و سەرمایەکانیان بخەنە گەڕ.
دیار ئەمین، راوێژکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە رۆژنامە رووسییەکەی راگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکانیدا لە پەراوێزی کۆڕبەندەکە لەگەڵ بەرپرسانی رووسی، شاندی هەرێمی کوردستان جگە لە تاوتوێکردنی چۆنێتیی پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان، باسی دروستکردنی پەیوەندیی و هاوئاهەنگیی هەواڵگری لە نێوان هەولێر و مۆسکۆ دەکەن، تاوکو ئەو دوو پایتەختە زانیارییە هەواڵگرییەکانی تایبەت بە شەڕی دژی تیرۆر، ئاڵۆگۆڕ بکەن.
پێشتر لە 25.5.2017، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاندبوو، کە لە سەردانەکەیدا بۆ رووسیا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆ دەبێتەوە و تاوتوێی دوایین پەرەسەندنەکانی شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەکەن.
باسنيوز
