عەشیرەتەکانی نەینەوا بۆ مالیکی: کوردستان دەکەینە گۆڕستانی هێزەکانت
رۆژی چوارشەممە 31.5.2017، موزاحیم حوێت، گوتەبێژی عەشیرەتە عەرەبییەکانی پارێزگای نەینەوا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ئەوان شان بەشانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ”بە سەرۆکایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی“، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کوردستان دەکەنە گۆڕستانی ئەوانەی هەوڵی دەستدرێژیکردنی سەری بدەن.
موزاحیم حوێت روو لە نوری مالیکی، جێگری سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا دەکات و دەڵێت، ”هەمان چارەنووسی“ چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشت دەبێ ”ئەگەر لە سنوورەکانی کوردستان نزیک بیتەوە“.
گوتەبێژی عەشیرەتە عەرەبییەکانی پارێزگای نەینەوا هەڕەشەکانی نوری مالیکی بە ”منداڵانە“ ناو دەبات و ئامۆژگاریی دەکات لەوەی ”وردتر بێت“ لە لێدوانەکانیدا.
موزاحیم حوێت سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە بەرپرس دەزانێت لە داگیرکرانی شاری مووسڵ لەلایەن داعشەوە و رایدەگەیەنێت، ”پێویستە چارەنووسی مووسڵ بیری خۆت بخەیەوە، کە رادەستی داعشت کرد“.
پێشتر لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەیەکی لوبنانی، نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی میلیشیاکانی بەرامبەر باشووری کوردستان کردبوو و رایگەیاندبوو، ”ئەگەر پێویست بکات بەهێز رووبەڕووی کوردستان دەبینەوە“.
نوری مالیکی لە ساڵی 2006 تاوەکو 2014 سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئەودا لە مانگی حوزەیرانی 2014، داعش پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباری داگیر کرد و سوپای عێراق، کە مالیکی فەرماندەی گشتیی بوو، شکستی خوارد و هەرەسی هێنا.
دوای داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای نەینەوا لەلایەن داعش، کە سوپای عێراق تێیاندا بەرپرس بوو، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هەموو ئەو ناوچانەیان رزگار کردەوە و شکستیان بە ئەفسانەی داعش هێنا.
باسنيوز
