وەزارەتی ئەوقاف لێکۆڵینەوە لە قسەکانی مەلایەکی لایەنگری گۆڕان دەکات

وەزارەتی ئەوقاف لێکۆڵینەوە لە قسەکانی مەلایەکی لایەنگری گۆڕان دەکات
ەبەرامبەر قسەکانی مەلا سامان چەمچەماڵی، مامۆستای ئایینی کە لایەنگری بزووتنەوەی گۆڕانە و لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا سووکایەتی بە ئاڵا و خەونی سەربەخۆیی کوردستان و ھەڕەشەی چەک ھەڵگرتن دەکات. وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دێتە دەنگ.



دوای بڵاو بوونەوەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی مەلا سامان چەمچەماڵی، ھەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان و گوتاربێژی یەکێک لە مزگەوتەکانی شارۆچکەی چەمچەماڵ کە سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان و خەونی دەوڵەتی کوردی دەکات و هەڕەشەی مانەوەی لە مینبەرەکەی بە ”شەڕە تفەنگ“ دەکات و تاوەکوو ئێستا نەزاندراوە وادەی تۆمارکردنی ڤیدیۆکە بۆ کەی دەگەڕێتەوە. نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ڕاگەیاند: "ھەر مامۆستایەکی ئایینی ناوزڕاندن و تەشھیر بکات، دووچاری لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە، بۆیە قسەکانی مەلا سامان دەخرێتە بەردەم لێکۆڵینەوە، بزانین تازەیە؟ ئەگەر تازەیە، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، لە کاتێکدا ئەو ھاش و ھوشە ھیچ گرنگی نییە، ئێمە حکوومەتیش کە لێژنەی شەرعی بڕیاری دا دووری بخاتەوە، ئەوە بڕیاری حکوومەتە و کەسیش ناتوانێت ڕێگری لە بڕیاری حکوومەت بکات".



لەبارەی ھەڕەشەی بەکارھێنانی چەکەوە، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئەوەی خستەڕوو: "یانی مەلا سامان لەبەرانبەر حکوومەتێکی گەورە رادەوەستێت و چەک بەکاردەھێنێت؟ ئەمانە قسەی راگەیاندن و سەرنج راکێشانەن، ھەر مامۆستایەک ھێرش بکات، دەکەوێتە بەردەم لێپرسینەوەی لێژنەی ئەوقاف".



چاودێران باس لەوە دەکەن، ئەوە یەکەمین حاڵەتی سووکایەتیکردنی بەشێک لە بەرپرسان و لایەنگرانی گۆڕان بە پیرۆزییەکانی خەڵکی کوردستان و خەونی سەربەخۆیی کوردستان و پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان نییە و پێشتر چەندانجار بەرپرسانی گۆڕان دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە و سووکایەتییان بە پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان کردووە.
bas news-
Top