محەمەدی حاجی مەحمود: ئەم كتێبە ڕای مام جەلال نیە و بە بڕیاری ئەو بڵاو نەكراوەتەوە

محەمەدی حاجی مەحمود: ئەم كتێبە ڕای مام جەلال نیە و بە بڕیاری ئەو بڵاو نەكراوەتەوە



محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە وتارێكدا بە توندی ڕەخنە لە كتێبە دوو بەرگیەكەی سەڵاح رەشید دەگرێ، كە بە ناوی دیداری ڕۆژنامەوانی لەگەڵ (مام جەلال)ەوە دایناوە. دەڵێ ئەم كتێبە ڕای مام جەلال نیە و بە بڕیاری ئەو بڵاونەكراوەتەوە.


محەمەدی حاجی مەحمود وەك سەركردەیەكی خەباتگێڕ و دێرینی كورد، كە ئاگەداری سەردەمەكانی ئەو ڕووداوانەیە كە سەڵاح رەشید بە ناوی (مام جەلال)ەوە، لەبارەیانەوە نووسیویەتی، گومان دەخاتە سەر ڕاستی كتێبەكەی سەڵاح رەشید و دەپرسێ "ئایا ئەو دوو بەرگی کتێبە ،هەر بە ڕاستی ڕا و بۆچوونی مام جەلالە؟"، دەشپرسێ ئایا ئەم وتانەی مام جەلال بە ئەمانەتەوە بڵاوكراونەتەوە؟ ئەی بۆچی بنەماڵەی مام جەلال خۆیان كتێبەكەیان بڵاو نەكردەوە؟


ئەو سەركردەیە گومانی زیاتر لە ڕاستی گواستنەوەكانی سەڵاح رەشید دەورووژێنێ و دەنووسێ "کاک سەڵاح رەشید بە زمانی مام جەلالەوە یاداشتەکان تۆمار دەکا، بە بێ ئەوەی کەسێ لە نزیکەوە لەو ستافی دیدارە ڕۆژنامەنووسیەدا بووبێت".


محەمەدی حاجی مەحمود وتارەكەی بە ناونیشانی "مێژوویەک بە خوێن نووسرابێ حەقیقەتی مێژووە، نەک حیکایەتخوانی" نووسیوە و لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبوكدا بڵاوی كردووەتەوە، تیایدا ئەوەش دەڵێ "دەبوایە ڕەچاوی ئەتەکێتی ڕۆژنامەنووسی بکات و زمانی نووسینیشی دەبێ کوردی پەتی و پاراو بێ، بەڵام ئەوەی لەم کتێبە دووبەرگەدا دەبینرێ، کە کاک سەڵاح ڕەشید ویستوویەتی پانتایی نووسینەکانی لەژێر باڵی جەنابی مام جەلالدا حەشار بدا و بەمەش بیەوێ بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژێ، بەرامبەر هاوڕێیانی خۆی و حزبێکی هاوپەیمانی کە بڵاوکراوەتەوە".



سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ڕەخنەی زیاتر لە سەڵاح رەشید دەگرێ، بەرانبەر ئەو نووسینانەی لە دژی حزبەكەی ئەوی نووسیوە و دەڵێ "کاک سەڵاح رەشید بە ویستی خۆی غەدرێکی زۆر لە بزووتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان بە گشتی و تێکۆشەرانی ئەو حزبە، وەک شەهیدان عەلی هەژار و کاردۆ گەڵاڵی و خوالێخۆشبووان ڕەسوڵ مامەند و مەلا ناسیح كردووە، جگە لەو کەسانەش کە لە ژیاندا ماون و خۆیان وەڵامیان دەبێ یا بێ دەنگ دەبن".


هەروەها دەڵێ ئەو پێیوایە ناحەقیەکی گەورە لە بەڕێز مام جەلال کراوە و دەپرسێ ئایا بەڕێز مام جەلال ئەو کاتەی بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو گفتوگۆیە هەڵبژاردووە؟ ئایا قسەکانی مام جەلال بە ئەمانەتەوە گواستراونەتەوە بۆ دووتوێی ئەو کتێبانە و بۆ مەبەستی سیاسی بەکار نەهاتووە؟ ئایا خانەوادەی مام جەلال بۆچی خۆیان ئەو کتێبەیان چاپ نەکردووە؟


محەمەدی حاجی مەحمود ئاماژە بەوەش دەدات كە سەڵاح رەشید ناحەقیەکی دیكەشی بەرامبەر مام جەلال كردووە و دەنووسێ "ئایا مام جەلال لە 1977ەوە تا نەورۆزی 1979، چۆن ئیدارە و ئیشی پێکرا لەگەڵ ئەوانەی کە لە کتێبەکەدا بە جاسوس و سەر بە ڕژێمی عێراق ناویان هاتووە؟ کاک ڕەسول مامەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بەرپرسی ئیدارە و دارایی و ڕێکخستنی بزووتنەوە بوو، هەروەها کاک مەلا ناسح ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بوو، کە لایەنێکی ئەساس و خاوەن بڕیاری یەکێتی بوو".


دەشڵێ ئەو غەدرە گەورەیەی كتێبەكە لە مام جەلالیش كراوە، چونكە "ئەو ماوە دوور و درێژە مام جەلال هاوڕێ و هاوسەنگەر و هاوخەباتی ئەوانە بووە، یان لە بن بەردێک یا ژوورێک یاخود لە چادرێکدا بوون، ڕەنگە کاک سڵاح رەشید وەڵامی ئەوەی لابێت".


لەبارەی ناوهێنانی عەلی هەژاریشەوە لە كتێبەكەی سەڵاح رەشید، كە بە ناوی مام جەلال دایناوە، محەمەدی حاجی مەحمود دەنووسێ كە عەلی هەژار تێکۆشەرێکی ئازا و لێهاتوو و خۆڕاگر و دامەزرێنەری بزووتنەوەی سۆسیالیست بوو لە دوای سەیدا ساڵح یوسفی، لە ڕێکخستن و کۆکردنەوەی هەڤاڵەکانی لە خوارووی عێراق و لە کوردستان و بەڕێکردنی سەدان تێکۆشەر بۆ ناو هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە نامە ڕاوبۆچوونی خۆیان و سەرکردایەتی ڕێکخستنەکانی ناو شاریان دەکرد. عەلی هەژار و کاردۆ گەڵاڵی دوو تێکۆشەری ڕۆشنبیر و ناسراوی هەولێر و کوردستان بوون، لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی بەعسەوە بە شێوەیەکی تەمومژاوی دەستگیر کران و بێ سەر و شوێن کران، تا ئێستەش تەرمە پیرۆزەکانیان دەست نەکەوتووەتەوە، ئەمە کام ویژدانە ئەوانە تا ئێستەش نازانین لە کوێ شەهید کراون؟ ئەمە گومانیان لا دروست دەکات کە لایەنی سیاسی لەناوی بردبن، بۆیە ئەوە بەغەدر و تۆمەتی ناڕەوا دەزانن بۆ حزبی سۆسیالیست و شەهیدەکانی.


هەروەها نووسیویەتی "سۆسیالیستەکان تروسکەی ئاگری شۆڕشیان لە چیاکانی کوردستان بەرز کردەوە، باوەڕ ناکەم موستەحەقی جاسوسی و تێکدەر و ئاژاوەچی و ترسنۆکی بن، وەک لەو کتێبەی بە ناوی مام جەلالەوە بڵاوکراوەتەوە، غەدر لە کاک رەسول مامەند و مام جەلالیش کراوە، چونکە باوەڕ ناکەم مام جەلال نە ڕای وا بووە و نە بە بڕیاری خۆشی ئەو کتێبە بڵاوکراوەتەوە و داڕێژراوەتەوە".


محەمەدی حاجی محەمەد پرسیار لەوانە دەکات کە مەلا ناسیحیان ناسیوە و دەنووسێ "ئەگەر مەلا ناسیح جاسوس بوایە، کاتێک کۆچی دوایی کرد، جگە لە دوو مەتر زەوی لە سلێمانی، کام باڵەخانە و کام ڤێلا و کام پارەی بانکەکانی ئەوروپای لێ بەجێ ماوە؟ کام کارگە و کام پرۆژەی نەوتی لێ بەجێ ماوە؟ بەڕاستی من تێناگەم بەبێ بەڵگە تێکۆشەرانی وەک عەلی هەژار و کاردۆ گەڵاڵی و مەلا ناسیح و رەسول مامەند، تازە لە کوردستانی ئازاد بە خوێن و ماندووبوونی ئەوان، بە جاسوس و خائین و ترسنۆک و تێکدەر بە نەوەی داهاتووی بناسێنن، بە ڕاستی ئێمەی وا لێ کرد کە گومانەکانمان زۆرتر بن لەوەی لایەنی سیاسی عەلی هەژار و کاردۆ گەڵاڵییان لەناو بردبێت، پێویستە کاک سەڵاح رەشید وەڵامی هەبێت بۆ ئەو هەموو تۆمەتەی داویەتیە پاڵ تێکۆشەرانی کورد و حزبی سۆسیالیست و هاوڕێکانی مام جەلال.


جێی باسە مانگی رابردوو سەڵاح رەشید بە ناوی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی یەكێتییەوە کتێبێکی لە دوو بەرگدا بە ناونیشانی "دیداری تەمەن" بڵاوكردەوە.

bas news-
Top