عەلی عەونی: کاتی دادگاییکردنی مالیکی نیزیکە دەیەوێت خۆی دەرباز بکات

 	 عەلی عەونی: کاتی دادگاییکردنی مالیکی نیزیکە دەیەوێت خۆی دەرباز بکات
(عەلی عەونی) ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ھێرشەکەی (نووری مالیکی) بۆ سەر ھەرێمی کوردستان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە گرتنەوەی مووسڵ نیزیکە و کاتی دادگاییکردن و لێپرسینەوەی (نووری مالیکی)یە، لەبەر ئەوە دەیەوێت بەو قسانە خۆی دەرباز بکات و دەشڵێت، (سەدام حسێن)یش ھێرشی ھێنایە سەر کورد، با ئەویش خۆی تاقی بکاتەوە.

(عەلی عەونی)، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لێدوانەکانی (نووری مالیکی)، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە ئەنجامی ئەوەوە دێن، کە کۆتاییی شەڕی داعشە و گرتنەوەی مووسڵ خەریکە تەواو دەبێت، چونکە ئەگەر شەڕی داعش کۆتایی ھات، ئەوە کاتی دادگاییکردن و لێپرسینەوەیە لە (نووری مالیکی)، ئەو، هۆکاری ھاتنی داعش و ڕادەستکردنی خاکی عێراقە بە داعش، (مالیکی) دەیەوێت بەو یارییە خۆی قوتار بکات، چونکە کورد و عەرەب و کوردانی ئێزدی بەو ئاسانییە لەو کەسە خۆش نابن و پێویستە دوای شەڕی داعش لێپرسینەوەی لێ بکرێت و بدرێتە دادگا.''

ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی گوتی: ''(نووری مالیکی) دەیەوێت چەندی نیزیک بینەوە لە ھەڵبژاردنەکانی عێراق زیاتر ھێرش بکاتە سەر کورد و ھەرێمی کوردستان، مخابن ئەو کلتوورە لە عێراق پەیدا بووە، بۆ پەیداکردنی دەنگ دژایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکەن، لەوەش خراپتر (مالیکی) پشتی بە حەشدی شەعبی گەرمە و دەیەوێت لەو ڕێیەوە ھێرشمان بۆ بێنێ، کاتی خۆی کە مەترسییەکانی ئەو گرووپە توندڕەو و ملیشیاتانەمان دەخستەڕوو، ئەو ڕۆژەمان دەبینی.''

(عەلی عەونی) دەڵێت: ''ئەگەر (مالیکی) و ھاوکارەکانی بیانەوێت ھێرش بکەنە سەر ھەرێمی کوردستان، با خۆیان تاقی بکەنەوە، خۆ پێشتر (سەدام حسێن)، خۆی تاقی کردەوە و ئەوان لە (سەدام) بەھێزتر نین، کاتێک باسی ھەندێ کورد دەکات، ئەوانەی لەگەڵ ئەودان، ئەوە کوردی خۆفرۆشیش ھەن و کێشەی کورد بەو جاشانە لە عێراقدا چارە ناکرێت.
kdp-
Top