ئەنجومەنی وەزیران قۆناغی یەکەمی تۆماری بایۆمەتری تاوتوێ کرد

 ئەنجومەنی وەزیران قۆناغی یەکەمی تۆماری بایۆمەتری تاوتوێ کرد
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز کرد.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 30/5/2017 بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز کرد و سەرەتای کۆبوونەوە ئەنجومەنی وەزیران، ھاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزی لە ھەموو مووسڵمانانی جیھان و عێراق و کوردستان پیرۆز کرد و ھیوای خواست کە ئەم مانگە ببێتە ھۆی خێر و خۆشی بۆ ھەموو لایەک بەتایبەتی بۆ خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستان.

دواتر لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتێکی وردی سەبارەت بە قۆناغەکانی پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتری خستەڕوو، تیایدا ھەموو ئەو وردەکارییانەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرچاو کرد کە لە قۆناغەکانی ئەو پڕۆسەیەدا ئەنجام دراون، کە تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و سەد و ھەشتا و چوار ھەزار کەس خۆیان لەو سیستەمەدا تۆمار کردووە و ڕێژەکەی دەگاتە 91%ی کۆی گشتی.

جێگری سەرۆک وەزیران، باسی لەوەش کرد کە ھۆکاری زۆر ھەن بۆ ئەوانەی تائێستا خۆیان لەو سیستەمەدا تۆمار نەکردووە گرنگترینیان ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن و پێشنیاری کرد کە ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر، تاکو ئەوانیش خۆیان تۆمار بکەن.

قوباد تاڵەبانی، چەند پێشنیارێکی دیکەشی خستەڕوو، لەوانە سیستەمی تۆمارکردنی بایۆمەتری، ببێتە بەشێک لە سیستمی ئیداری ھەرێمی کوردستان، بەرواری 15/6/2017 دوا وادەی قۆناغی یەکەمی تۆمارکردنی بایۆمەتری بێت، لە مانگی ئەیلولی داھاتووەوە دابەشکردنی مووچە لەسەر سیستەمی تۆماری بایۆمەتری دابەش بکرێت، ڕاگرتنی مووچەی ھەموو ئەو کەسانەی خۆیان لەم سیستەمەدا تۆمار نەکردووە و دەستنیشانکردنی تیمیکی پسپۆڕ بۆ پێداچوونەوەی میلاکاتی دامەزراوەکانی سەر بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

دوای پێشکەشکردنی چەند تێبینی و سەرنجێک لەلایەن ئامادەبوونەو، بۆ زیاتر پێشخستنی سیستمی مووچە لە ھەرێمی کوردستاندا، ئەنجومەنی وەزیران دەستخۆشیی لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی جێبەجێکاری پڕۆسەی سیستەمی تۆماری بایۆمەتری کرد و ئەو کار و چالاکییانەی تائێستا ئەنجامیان داوە، بەرز نرخێنرا و بە پێویست زانرا کە دوای پڕۆسەکە لێژنەیەکی پسپۆڕ بۆ پێداچوونەوە بە میلاکاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابمەزرێت و کۆی پێشنیارەکانیش پەسەند کران.

دواتر لە بڕگەی دووەمی پرۆگرامی کۆبوونەودا، کە خستنەڕووی ڕەشنووسی نەخشەڕێگای پەرەپێدان و چاکسازی لە کەرتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی داڕشتنی سیاسەتی ئاو لە ھەرێم بوو، لەلایەن نەورۆز مەولود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ڕاپۆرتێک لەمبارەیەوە پێشکەش کرا و تیایدا کێشەی ئاوی خواردەنەوە و ئاوەڕۆکان و چۆنییەتی چارەسەرکردنیان پێشکەش کرا و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش چەندین پلان و پێشنیاری خستەڕوو.

دوای گفتوگۆ و دیارکردنی چەند سەرنج و تێبینییەک لەلایەن وەزیرەکانەوە، ئەنجومەنی وەزیران، دەستخۆشی لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار کرد بۆ پلانەکانیان لە بواری ھاوسەنگکردنی خەرجی و داھاتی ئاوی خواردنەوە و پشتگیریی ئەنجومەن بۆ پلانەکەیان نیشان درا.

ھاوکات بە پێویستییش زانرا سیاسەتێکی ڕوون و ئاشکرا و کاریگەری ئاو لە ھەرێمی کوردستان ‌پەیڕەو بکرێت و لەسەر ئەو بنەمایە کار لەگەڵ دەزگا نێودەوڵەتییەکان بکرێت بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئاو و ئاوەڕۆ لە ھەرێمی کوردستاندا.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران بە بۆنەی 1/6 جەژنی جیھانی منداڵانەوە پیرۆزبایی لە ھەموو منداڵانی جیھان و کوردستان کرد و ھیوای خواست منداڵانی کوردستان وەک ھەموو منداڵێکی سەر ڕووی زەمین خاوەنی تەواوی مافەکانی خۆیان بن کە نەوەی ئایندەن و ئایندەی ئەم وڵاتە لەسەر دەستی ئەوان بنیات دەنرێت، جا بۆیە چەند گرنگی بە منداڵان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان بدرێت و بە ڕێگەیەکی تەندروست پەروەردە بکرێن، ئەوەندە ئایندەی وڵاتەکەمان گەشتر و ڕوونتر دەبێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی منداڵ و خۆی بە پارێزەری ئەو مافانە دەزانێت.













باسنيوز
Top