سبەی نێچیرڤان بارزانی سەردانی ڕووسیا دەکات

 سبەی نێچیرڤان بارزانی سەردانی ڕووسیا دەکات
بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی (سانت پێترسبۆرگ)، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ڕووسیا دەکات.

خۆشەوی مەلا ئیبراهیم، نوێنەری پارتی دیموکراتیی کوردستان لە ڕووسیا، ڕایگەیاند، سبەی چوارشەممە 31/5/2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی (سانت پێترسبۆرگ)، سەردانی ڕووسیا دەکات.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لەو سەردانەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیدار لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و گەورە بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات.

ئاماژەشی بەوە کرد کە هەریەک لە ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەکان، عەلی سندی، وەزیری پلاندانان، سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حکوومەت و زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو سەردانەدا یاوەریی سەرۆکی حکوومەت دەکەن.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە لە میانی بەشداریکردنیاندا لە کۆڕبەندی ئابووریی (سانت پێترسبۆرگ)، دیدارێک لە نێوان سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بەڕێوە دەچێت.











باسنیوز
Top