کۆمیسیۆن: دەکرێ لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان ڕیفراندۆمیش بکرێت

 کۆمیسیۆن: دەکرێ لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان ڕیفراندۆمیش بکرێت
بەڕێوەبەرێکی گشتی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، باس لە گرنگیی هەڵبژاردن و ڕیفراندۆم دەکات و دەڵێت: "کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان و ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ئامادەکاریی کردووە".

کاروان جەلال، بەرێوەبەری گشتیی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان گوتی: "خواستێکی مێژینە هەیە و خەڵکی کوردستانی لێ بێبەش کراون، ئەمڕۆ دەرفەتێکی باش ڕەخساوە، خەڵکی کوردستان هاوشێوەی وڵاتانی دەرەوە چ ئەوانەی لە رێگای ڕیفراندۆم بوونەتە دەوڵەت و چ ئەوانەشی لە دەرەوەی ئەو پرۆسە بوونەتە دەوڵەت، ئێمەش مافی بوونە دەوڵەتمان هەیە، کوردستان شایستەی ئەوەیە کە قەوارەی سیاسیی دیاریکراوی خۆی هەبێت و مافی دەوڵەتی خۆی وەربگرێت".

ئەوەشی خستەڕوو، "بەگوێرەی یاسایی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی کۆمیسیۆن تاکە دەسەڵاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و راپرسییە لە کوردستان، بۆ هەر هەڵبژاردن و راپرسییەک کە بێتە پێشەوە، کۆمسیۆنی ئامادەکاری دەکات، بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەبێ لایەنی جێبەجێکار داوا لە کۆمیسیۆن بکات کە ئامادەکاری بکات بۆ ڕیفراندۆم و دوای ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی داوا ئاراستەی کۆمیسیۆن دەکرێت، ئەنجومەنی کۆمسیاران دوای دیراسەکردنی وەڵام دەداتەوە، گفتوگۆکان بۆ ئەوەیە ئامادەکاری بکرێت و ئەو ماوەی پێویستە کۆمیسیۆن بۆ دیاریکردنی کاتی ڕیفراندۆم ئامادەکاری بکات."

ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە لە سەروبەندی ئامادەکاری داین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەکرێت پرسی ریفراندۆم بخرێتە کاری کۆمیسیۆنەوە کە لەگەڵ ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێم هاوتەریب ڕیفراندۆمیش بکرێت.

لەبارەی کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیسیۆن لەسەر پرسی ریفراندۆم، کاروان جەلال دەڵێت: "پرسی ریفراندۆم پرسێکی ناوخۆییە، پێویستی بە پرسی وڵاتانی دیکەوە نییە، بەڵام ئامادەیی ئەوان لایەنی ئەرێنی دەبێت بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، بێگومان کۆمیسیۆن لە پەرلەمان دەسەڵاتی پێ دراوە، یەکەم هەڵبژاردنی دەبێت کە بەڕێوەی دەبات، بۆیە هەر پشتیوانێک گرنگ دەبێت".












باسنیوز
Top