لەسەر جێگرەوەی نەوشیروان مستەفا لەنێوان باڵی گەنج و بەتەمەنەکانی گۆڕان دەبێتە کێشە

 لەسەر جێگرەوەی نەوشیروان مستەفا لەنێوان باڵی گەنج و بەتەمەنەکانی گۆڕان دەبێتە کێشە
لەگەڵ تەواوبوونی پرسەی نەوشیروان مستەفا و رۆیشتنی کات بەسەر پرسەکەیدا، پرسی جێگرەوەی نەوشیروان مستەفا، نێوانی باڵی گەنج و بەتەمەنەکانی ناو گۆڕان تۆختر دەکات و هەر یەک لەو دوو باڵە دەیەوێ خۆیان رێکخەر بۆ گۆڕان دیار بکەن.



سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، یەکێتی دەیەوێ بەر لە رێککەوتنی باڵەکانی گۆڕان بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی نەوشیروان مستەفا و رێکخستنەوەی ناوخۆیی، گۆڕان دەست بە دانوستان لەگەڵ یەکێتیدا بکات بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یەکێتی، بەڵام باڵی گەنجەکانی گۆڕان سوورن لەسەر ئەوەی کە ئەوان خاوەنی بزووتنەوەکەن و نابن بە یەکێتی.



سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، یەکێتی لە دۆخێکدا ئەگەر گۆڕان سووربێت لەسەر دیارکردنی جێگرەوە بۆ نەوشیروان مستەفا و لە ئێستا بڕیاری گەڕانەوە و یەکگرتن لەگەڵ یەکێتی نەدات، ئەوا کار بۆ ئەوە دەکەن جێگرەوەی نەوشیروان مستەفا یەکێ لە هاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا بێت و پێشتر یەکێتی بووبێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئاسانتر بتوانن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، واتا یەکێک بێت لە ئەندامانی دەستەی راوێژکاریی بزووتنەوەی گۆڕان کە لە یەکێتییەوە لەگەڵ نەوشیروان مستەفا بوونەتە گۆڕان و دەستەی دامەزرێنەری گۆڕانن، کە ئەوانیش هەر یەک لە قادری حاجی عەلی، عومەر سەید عەلی، عوسمان حاجی مەحموود، مستەفا سەید قادر، جەلال جەوهەر و محەمەد تۆفیق رەحیم، دەگرێتەوە.



بەڵام سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە دا، بەپێی رێککەوتنێکی عورفی، لەدەرەوەی پەیڕەوی ناوخۆی گۆڕان، مەرجە ئەو کەسەی کە دەبێتە شوێنگرەوەی نەوشیروان مستەفا، خەڵکی سلێمانی بێت.



سەرچاوەکە ئەوەشی راگەیاند، ئێرانییەکانیش بۆ ئەو پرسە قسەیان لەگەڵ یەکێتی کردووە کە نایانەوێ لەگەڵ خەڵکانێک مامەڵە بکەن کە لە سیاسەتدا تازە بن و ئەزموونیان نەبێت و بەو هۆیەوە دۆخێکی مەترسیدار روو لە سلێمانی بکات، کە کاریگەریی خراپی بۆ سەر ئێران هەبێت، هەر بۆیەش فشاریان کردووەتە سەر یەکێتی کار بۆ گەڕانەوەی گۆڕان بۆ ناو یەکێتی بکەن.



لەمبارەیەوە، سەرچاوەکە شیکاری بۆ پرسەنامەکەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، بە بۆنەی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا کرد، کە ئاراستەی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کردبوو، وای لێک دایەوە کە بەو مانایە بووە لەمەودوا ئێران وەکو حزب مامەڵە لەگەڵ گۆڕاندا ناکات و باشتر وایە گۆڕان ببێتەوە بە یەکێتی.



سەرچاوەکە لەبارەی چانسی زیاتری کام لە هاوڕێکانی بۆ جێگرەوەی نەوشیروان مستەفا زیاترە، روونی کردەوە کە قادری حاجی عەلی، بەهۆی ئەوەی خەڵکی سلێمانییە و پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئێراندا هەیە لە هەموو ئەوانی دیکە چانسی زیاترە کە خەڵکی شوێنەکانی دیکەی کوردستانن، یان باری تەندروستییان خراپە، یان لەگەڵ باڵی گەنجەکانی ناو گۆڕان زیاتر لە کێشەدان.



هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستە ڕوو، ئەوەی پرسی جێگرەوەی نەوشیروان مستەفا قورستر دەکات، پەیوەندیی گۆڕانە بە یەکێتییەوە.



کە بەپێی زانیارییەکان، جگە لەو رێککەوتنەی لەنێوانیان هەبووە، نەوشیروان مستەفا لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم و شاناز ئیبراهیم و چەند سەرکردەیەکی دیکەی یەکێتی پەیوەندیی تایبەتی هەبووە و باسیان لە پرسی یەکگرتنەوە کردووە.



سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، لەبەر ئەوەی گۆڕان لە زۆنی سەوزدایە و بەرپرسیاریەتیی بڕیاردان لە پەیوەندیی گۆڕان بە یەکێتییەوە دەکەوێتە ئەستۆی رێکخەری گشتی، ئەو پرسە بەبێ ئاگاداریی یەکێتی یەکلا نابێتەوە.



بەڵام خاڵی جیاکەرەوەی گۆڕان و یەکێتیش کە پرسی یەکگرتنەوەی ئەو دوو هێزە یەکلا دەکاتەوە، پەیوەندی بە وەسیەتی نەوشیروان مستەفاوە هەیە، کە لە گردی زەرگەتە بە خاکی بسپێرن.



سەرچاوەکە رای گەیاند، بەخاکسپاردنی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتە، سەرکردەکانی بزووتنەوەی گۆڕانی ناچار بەوە کردووە کە دەستبەرداری بزووتنەوەکە نەبن و خۆیان رادەست بە یەکێتی نەکەن، لەکاتێکدا کە یەکێتی هەوڵی ئەوەی داوە نەوشیروان مستەفا لە گردی سەلیم بەگ بە خاک بسپێردرێت، ئەو گردەی کە ئارامگەی ئیبراهیم ئەحمەدی لێیە، کە بە گوتەی سەرچاوەکە بەخاکسپاردنی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتە بۆ یەکێتی هەواڵێکی چاوەڕواننەکراو بووە.



سەرچاوەکە بۆ ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕانیش ئەوەی خستە ڕوو، ئێستا لەناو گۆڕاندا ململانێی توند لەنێوان باڵی گەنجەکان و بەتەمەنەکان لەسەر پرسی جێگرتنەوەی نەوشیروان مستەفا دەستی پێکردووە و هەر یەکەیان دەیەوێ خۆیان بە خاوەنی یەکەمی بزووتنەوەکە بمێننەوە.



سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، باڵی گەنجەکانی گۆڕان دەیانەوێ یەکێک لەو گەنجانەی کە پێشتر یەکێتی نەبووە، وەکو کەسی یەکەمی گۆڕان دیاری بکرێت، هەڵبژاردنی کەسەکەش لە رێگەی جڤاتی گشتی و نیشتمانیی گۆڕانەوە بێت، بەو پێیەی باڵی گەنجەکان پێیان وایە زۆرینەی جڤات لەگەڵ ڕای ئەواندایە.



سەرچاوەکە لەبارەی کاندیدی گەنجەکانیش بۆ شوێنگرەوەی نەوشیروان مستەفا، ناوی چەند گەنجێکی هێنا، بەڵام چانسی ئەوانی بە لاواز دانا بۆ بوونیان بە جێگرەوەی نەوشیروان مستەفا.



کاردۆ محەمەد، پەرلەمانتاری پێشوو و ھەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ (باس) رای گەیاند، “تا ئێستا جێگرەوەی نەوشیروان مستەفا دیار نەکراوە و جڤاتی گشتی و نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لەمبارەیەوە بڕیاری خۆیان دەدەن”.



سۆران سێوکانی، چاودێری سیاسی رای گەیاند، گۆڕان خاوەنی ئایدیایەکی ئاشکرا نییە و پەیڕەو و پرۆگرامێکی چەسپاوی نییە، بەڵکو ئەندامەکانی تەنیا لەدەوری کەسێتیی نەوشیروان مستەفا و کۆمەڵێک خەون کۆبوونەتەوە، ئێستاش کەسێک نییە شوێنی نەوشیروان مستەفا بگرێتەوە و بتوانێت هەموو باڵەکان پێکەوە گرێ بداتەوە.



لای خۆشیەوە، شۆڕش حاجی، وته‌بێژی فەرمیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، هه‌ر قسه‌یه‌ك لێره‌ و له‌وێ بكرێت له‌سه‌ر دانانی رێكخه‌رێكی نوێ ته‌عبیر له‌ رای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ناكات، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ خۆی ده‌یڵێت له‌ جیاتی جڤاتی گشتی. گوتیشی : "لێره‌ و له‌وێ قسه‌ زۆر ده‌كرێت، هه‌م له‌ لایه‌ن هه‌ڵسووڕاوانی گۆڕان و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش، قسه‌ی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رنامه‌ی خۆمانمان هه‌یه‌”.



19ی ئەم مانگە نەوشیروان مستەفا، دوای ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، لە تەمەنی 73 ساڵیدا لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد.



باسنيوز
Top