هۆزە عەرەبەکانی نەینەوا: پشتگیریی پێشمەرگە دەکەین لە دژی حەشدی شەعبی

 هۆزە عەرەبەکانی نەینەوا: پشتگیریی پێشمەرگە دەکەین لە دژی حەشدی شەعبی
نوینەری هۆزە عەرەبەکانی رۆژئاوای دیجلە لە سنووری پارێزگای نەینەوا پشتگیریی هۆزە عەرەبییەکان بۆ هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە دژی هەر دەستدرێژییەکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، راگەیاند.

رۆژی دووشەممە 29.5.2017، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا شێخ عەبدولعەزیز زاھیر مەجنان، سەرۆک ھۆزێکی عەرەبی لە رۆژئاوای دیجلە بە نوێنەرایەتیی ھەموو ھۆزە عەرەبەکانی رۆژئاوای دیجلە لە پارێزگای نەینەوا، رایگەیاند، پیلانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە سنووری شاری شنگال دژی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە فیتی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقە، کە ”مووسڵی رادەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کرد“.

شێخ عەبدولعەزیز زاھیر مەجنان نوری مالیکی بە ”هۆکاری وێرانبوونی ژێرخانی عێراق و بە کوشتدانی دەیان گەنجی مووسڵ“ دەزانێت و رایدەگەیەنێت، مالیکی جگە لە شار و ناوچەکان، ”چەک و تەقەمەنیی سوپاشی رادەستی داعش کرد“.
ئەو شێخە عەرەبە بە ستایشەوە باسی رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات و رایگەیاند، پێشمەرگە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان داعشی تێکشکاند و ”بە خوێنی پاکی هەزار و 700 شەهید“ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی مووسڵ دەوروبەری شنگال و رەبیعەی رزگار کردووەتەوە.

وەک وەلامدانەوەیەک بۆ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کە ناوە ناوە هەڕەشە لە پێشمەرگە دەکەن و هەڕەشەی داگیرکردنی خاکی کوردستان دەکەن، شێخ عەبدولعەزیز زاهیر مەجنان رایگەیاند، سنووری ھەرێمی کوردستان ”ھێڵی سوورە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بێرێزی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بکەن" و ئامادەیی خۆیانی بە وەستان شان بەشانی پێشمەرگە لە دژی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، نیشان دا.

پێشتر فەواز جەڕبا، کە سەرکردەیەکی حەشدی شەعبییە داوای لە پێشمەرگە کردبوو لە سنووری رەبیعە بکشێتەوە و ئەو شێخە عەرەبەش وەڵامی دەداتەوە و لێی دەپرسێت، ”کاتێ رەبیعە لەژێر ستەم و داگیرکاریی داعشدا بوو، تۆ لە کوێ بووی؟“.

نوێنەری هۆزە عەرەبەکانی رۆژئاوای دیجلە ئاماژەی بە داخستنی دەرگاکانی بەغدا بە رووی ئاوارە سوننەکانی پارێزگای ئەنبار ”بە فەرمانی نوری مالیکی“ کرد و رایگەیاند، لەو کاتەدا مەسعود بارزانی خۆی کردە خاوەنی ئاوارەکان و دەرگای بە رووی زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار ئاوارەی عەرەبی عێراقیدا کردەوە.

شێخ عەبدولـعەزیز پشتگیریی هەموو ئەندامانی هۆزە عەرەبییەکانی رۆژئاوای دیجلەی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان نیشان دا و ئەم هاوهەڵوێستییەی خۆیانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ رزگارکردنیان لەژێر دەسەڵاتی داعش لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە و هاوکاریکردنی ئاوارە عێراقییەکان لەلایەن حکوومەت و گەلی کوردستانەوە، گەڕاندەوە.















باسنيوز
Top