بارزانی: سەرۆکی فەڕەنسا لەکاتی تەنگانەدا سەردانی کوردستانی کرد و ئەوە لەبیر ناکرێت

 بارزانی: سەرۆکی فەڕەنسا لەکاتی تەنگانەدا سەردانی کوردستانی کرد و ئەوە لەبیر ناکرێت
ڕۆژی دووشەممە 29/5/2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە سەڵاحەدین، پێشوازی لە مارک بارێتی، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و دۆمینیک ماس، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەو دیدارەدا کە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق بە مەبەستی ماڵئاوایی و بە بۆنەی کۆتاییھاتنی ئەرکەکەی لە عێراق سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو، لە وتەیەکدا سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد کە پشتیوانی ئەرک و کارەکانی بوونە و باسیشی لە سیاسەتی فەڕەنسا لەدوای ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کرد و جەختی لە پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کردەوە و ڕای گەیاند: ”فەڕەنسا لە شەڕی دژی تیرۆر و ھەماھەنگی و ھاوکارییە سەربازییەکانیشی بۆ ھێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت“. باڵیۆزی فەرەنسا پێزانینیشی بۆ گەلی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەبوو کە لە بارودۆخێکی خراپدا باری قورسی حەواندنەوەی ئاوارەکانی لەسەر شانە. لەبارەی پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا باڵیۆزی فەڕەنسا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ڕێز لە دیالۆگی نێوان ھەرێم و بەغدا و ئەنجامی ئەو دیالۆگانە دەگرێت.

لەبەرانبەردا سەرۆک بارزانی ھیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی فەڕەنسا خواست لە ئەرک و کارەکانیدا و ڕۆشنایی خستەسەر ڕۆڵی فەڕەنسا لە شەڕی دژی تیرۆر و یارمەتیدانی گەلی کوردستان و ڕایگەیاند کە گەلی کوردستان سەردانی سەرۆک ھۆڵاند لە سێپتەمبەری 2014 ھەرگیز لەبیر ناکات کە لە کاتی تەنگانە و لە وەختی پەلاماری داعش بۆ سەر کوردستان ئەنجامی دا و ئەو سەردانەی بە کاریگەر و مێژوویی وەسف کرد.

ھەر لەم دیدارەدا دووایین پێشڤەچوونە مەیدانییەکانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ و شوێنەکانی تری عێراق تاوتوێ کرا.










باسنیوز
Top