کیا مۆتۆرز بەرنامەی تاقیکردنەوەی لێخوڕینی ریۆی خستنە روو

کیا مۆتۆرز بەرنامەی تاقیکردنەوەی لێخوڕینی ریۆی خستنە روو
بە بۆنەی خستنەڕووی ئۆتۆمبیلی نوێی ریۆ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆمپانیای کیامۆتۆرز بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبیل بەرنامەی لێخوڕینی ریۆی نوێی لە دوبەی داڕێشت. منیش بۆ بەشداریکردن لەو رێوڕەسمە گرنگەدا رووم لەوێ کرد.
کۆمەڵێک راگەیاندنکار و ئارەزوومەندی لێخوڕینی ئۆتۆمۆبیل بەشدارییان لەو چالاکییە کرد لە وڵاتانی سعوودیە و ئیمارات و کوەیت و بەحرەین و ئوردن و قەتەر و مەغریب و عێراق و هەرێمی کوردستانیش پێکهاتبوون.
سەرەتا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ نزیکەی 600 راگەیاندنکار کرا. لەم کۆنگرەیەدا هەریەک لە سون نام لی سەرۆکی لقی کیامۆتۆرز لە ناوچەی رۆژهەڵات و باکووری ئەفریکا جۆن لی بەڕێوەبەری تیمی بازاڕکاریی دەرەوە لە کیا مۆتۆرز لە کۆریا بەشدارییان کرد.
بە ورد و روونی باسیان لە گۆڕانکارییەکانی کیا ریۆی نوێ لە هەموو شتێکدا کرد، وەک گۆڕانکاری لە دیزاینی دەرەوە بە پاڵپشتیی تیمی دیزاین لە سەنتەرەکانی دیزاینی کیا لە هەر یەک لە ئەڵمانیا و کالیفۆرنیا بە هاوکاریی تیمی دیزاینی ناوخۆیی لە نامیانگ لە کۆریا.
پاشان رۆژنامەنووسان دابەش کران بەسەر 400 ئۆتۆمۆبیلی کیا ریۆ بۆ تاقیکردنەوەی لێخوڕین. یەکێک لە ئۆتۆمۆبیلەکانم بەرکەوت رەنگی سوور بوو. بۆ دووریی 150 کیلۆمەتر لە دوبەی بەرەو ئەبو زەبی بەڕێ کەوتین.
بەهۆی ئەوەی مەکینەی کیا ریۆی نوێ بە قەبارەی 1.66 لیتر بوو، بۆیە لێخوڕینێکی نەرم و بەهێزی هەبوو. داشبۆرد و کوشنەکانی بە هەردوو رەنگی رەش و سوور نەخشێندرابوو بە شێوەیەک جوانییەکی بەرچاوی بەخشیبوو.
لێخوڕینی ئەو ئۆتۆمبیلە هەستێکی دامێ کە ئۆتۆمبیلەکە قەبارەکەی بچووک نییە بە بەراورد بەو لێخوڕینە و بەکارهێنانی ئاسان بوو. کاتێک لەسەر کوشن دادەنیشی هەست بە نەرمییەک لەو لێخوڕینە دەکەی.
دیزاینی دەرەوە و ناوەوەی بە شێوەیەکی مۆدێرن کراوە بە سەرپەرشتیی تیمی دیزاینەرەکانی ئەڵمانیا و کالیفۆرنیا و بە هاوکاریی تیمی دیزاینی ناوخۆی کۆریای باشوور. بەشێوەیەک هێڵە راستەکانی تەنیشتەکان جوانییەکی تایبەتی داوەتە ئەو جۆرە ئۆتۆمبیلە.
دووریی ماوەی نێوان تایەکانی پێشەوە و دواوە بە 10 ملیم زیاد کراوە و بە 155 ملیمیش ئۆتۆمبیلەکە لە جاران درێژتر کراوە. بە شێوەیەک شوێنی شوفێر بە 1070 ملیم زیاتر کراوە لە پێشەوە و 850 ملیمیش لە دواوە زیاد کراوە.
ئەگەر چی کیا ریۆی نوێ بە 55 ملیم کورتتر کراوەتەوە، بەڵام بە باشترین ئۆتۆمبیلی جۆری (ب) هەژمار دەکرێ.
بە هەمان شێوە کیا ریۆی نوێ لە 33% بۆ لە 51% رێژەی ئاسنی تێدا زیاد کراوە ئەویش دانیشتوانی نێو ئۆتۆمۆبیلەکە سەلامەتتر دەکات.
کیا ریۆ ئۆتۆمۆبیلێکی وەرزشییە. نەرمە داینامیکییە. لایتەکانی ئێڵ ئی دییە. هەری لایتەکانی دواوەیەکی بە شێوەیەکی وەرزشیانە خۆی نیشان دەدات.
لە بواری سەلامەتیدا بە سیستەمی ABS و بە سیستەمی VSM ی کۆنتڕۆلکردنی جێگیر کار دەکات.
کیامۆتۆرز دووپاتی کردەوە لە رێزلێنانی میوانانی بێ رکابەرە، هەربۆیە لە گەیشتنم بۆ دوبەی لە فڕۆکەخانەوە تا گەڕانەوەم بۆ فڕۆکەخانە بە گەرمییەکی رادەبەدەر پێشوازی و بەڕێ کرام.












دوبەی- سامان بریفکانی
Top