دامەزرێنەرێکی گۆڕان داوا لە یەکێتی دەکات دەستێوەردان لە کارەکانیاندا نەکات

دامەزرێنەرێکی گۆڕان داوا لە یەکێتی دەکات دەستێوەردان لە کارەکانیاندا نەکات
ھەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاند، ئەوان نایانەوێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەست لە کاروباری بزووتنەوەکەیان وەربدات و ئەوەشی ڕەت کردەوە کە لەگەڵ یەکێتی یەک بگرنەوە.



مەحمود بیکەیسی، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەریی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاند: "ھیچ کەسێک لەلایەن گۆڕانەوە بۆ پۆستی ڕێکخەری گشتی دیاری نەکراوە، تەنیا ئێستا گرووپی ڕاوێژ گۆڕان بەڕێوە دەبات، بێگومان ئەو گرووپەش کۆمەڵێک کەسی دڵسۆز و خەمخۆری گۆڕانن“. ڕوونیشی کردەوە: ”بۆ ئایندە، جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان کۆدەبنەوە و بڕیای یەکلا کەرەوە لەسەر ھەڵبژاردنی کەسێکی گونجاو بۆ پۆستی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەدەن“.



ئەندامەکەی دەستەی دامەزرێنەریی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوە کرد کە گرووپی ڕاوێژ لەپێش کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا دامەزراوە و بەبێ ڕێکخەری گشتیش، دەسەڵاتی ئەوەی ھەیە کە ئیش و کارەکانی گۆڕان بەڕێوە ببات، چونکە ئەندامانی گرووپەکە ”کەسانی بەتوانا و لێھاتووی ناو گۆڕانن“.



دووپاتیشی کردەوە: ”مەرگی نەوشیروان مستەفا کۆتایی بە گۆڕان ناھێنێ و ھیچ ئاستەنگێک بۆ ئەم بزووتنەوەیە دروست ناکات، ھەرووەھا ئێمە ھەموومان ھەوڵی ئەوە دەدەین وەک نەوشیروان مستەفا گۆڕان بەڕێوە ببەین“.





دەربارەی ئەوەی گۆڕان تاچەند ڕازییە لەگەڵ یەکێتی یەک بگرێت، مەحمود بیکەیسی، ڕایگەیاند: " گۆڕان لەگەڵ یەکێتی یەک ناگرێت، چونکە پێشتر ڕێککەوتنمان کردووە و ڕێککەوتنەکە بەرەو توانەوە دەڕوات و ھیچ بەندێکی ناو ڕێککەوتنەکەش جێبەجێ نەکراوە، بۆیە تاوەکو خەڵەکانی ناو ڕێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ نەکرێت، گۆڕان ئامادەنییە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی بکات“.



ھۆشداریشی دا و گوتی: ”بزووتنەوەی گۆڕان قەبوڵی ناکات یەکێتی یان حزبێکی دیکە تەداخولی کارەکانی بکات، چونکە ئێمە خۆمان ئیش و کارەکانی خۆمان بەڕێوە دەبەین، لەگەڵ ئەوەشدا جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی دوو دامەزراوەی سەرەکی و یاسایی ناو بزووتنەوەی گۆڕانن و بڕیارەکان لەوێوە دەردەچێت، بۆیە گوڕان خۆی خاوەنی سیاسەتی خۆیەتی و پەکی ناکەوێت“.




باسنیوز
Top