تەرمی ھاووڵاتییەکی گەرمیانی لە ھەولێر دۆزرایەوە

تەرمی ھاووڵاتییەکی گەرمیانی لە ھەولێر دۆزرایەوە


ھاووڵاتییەکی کەلاری لە شاری ھەولێر، دوای ئەوەی ماوەیەک شوێنبزر، دواتر تەرمەکەی لە گەڕەکێکی میللی دەدۆزرێتەوە.



تەھا باجەلان، خالی ھاووڵاتییە کوژراوەکەیە، ڕاگەیاند: "محەمەد خەیات، لە دایکبووی ساڵی 1979 بووە، پیشەی خەیات و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان بووە لە شارۆچکەی کەلاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، بەمەبەستی چارەسەرکردن ویستوویەتی بچێتە دەرەوەی وڵات، بەو ھۆیەشەوە سەردانی شاری ھەولێری کردووە، لەگەڵ قاچاخچی ڕێککەوتووە و مەبلەخێک پارەی پێداوە، بەڵام قاچاخچییەکان کوشتوویانە و تەرمەکەیان لە ژێر دارو پەردو لە گەڕەکی باداوە لەشاری ھەولێر شاردووەتەوە".



خاڵی کوژراوەکە، ئاماژە بەوە دەدات: "دوای ئەوەی محەمەد خەیات دێتە ھەولێر بەمەبەستی بینینی قاچاخچیەکان بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ ھیچ ھەواڵێکی نابێت، ئێمە ئاسایشی ھەولێرمان لە دیار نەمانی ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام شەوی ڕابردوو 27/5/2017 ئاسایشی ھەولێر ئاگاداری کردینەوە، کە تەرمێک دۆزراوەتەوە، بۆیە پێویستە بێینە ھەولێر تابزانین محەمەدە یان نا، بەھۆی ئەوەی تەرمەکە شێوێنرابوو سەرەتا نەمان ناسییەوە، بەڵام لە پزیشکی دادوەری دەرکەوت، کە تەرمەکە تەرمی کوڕە خوشکەکەمە".



محەمەد خەیات، خێزاندارە و دوو منداڵی ھەیە، ئێستا تەرمەکەی ڕادەستی خێزانەکەی کراوەتەوە، بەرەو شارۆچکەی کەلار بەرێکراوە.
پەیوەندی بە گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێرەوە کرد، بەڵام بە بیانووی تەواو نەبوونی لێکۆڵینەوە، لەوبارەوە ھیچ زانیارییەکیان نەدا.

BAS NEWS-
Top