شێرزاد شێخانی بۆ بەرگریکردن لە خۆی کەیسەکەی سروە عەبدولواحید نوێ دەکاتەوە
دوای قسەکانی شێرزاد شێخانی، بەشێوەیەکی بەرفراوان، کاردانەوە لە هەرێمی کوردستاندا دروست بوو و ئەحمەد قەدەفەری، پێشمەرگەی دێرین و جێگری بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیاند: ”شێرزاد شێخانی خۆی بەکرێگیراوە، ئەگەرنا کەس ھەیە بە پێشمەرگە بڵێت بەکرێگیراو؟ بەکرێگیراو ئەوەیە سووکایەتی بە خوێنی ھەزاران خانەوادەی شەھید بکات، خەڵکانێک بە خۆبەخش سینگی خۆیان دەدەنە بەردەم گوللە، کەسانێکیش لە تەلەفزیۆنەکانەوە سووکایەتیان پێ دەکەن“. ئەو بەرپرسەی یەکێتی داواشی کرد کە سەرجەم ئەو کەسانە ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە کە سووکایەتی بە پێشمەرگە دەکەن، ”بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بیر لەوە نەکرێتەوە کە سوکایەتی بە پێشمەرگە بکرێت".
لەلایەن خۆشیەوە فهریق جهبارى یاوهر، ئهمیندارى گشتیی وهزارهتى پێشمهرگه، ڕاگهیاند: "من نامهوێت وهڵامى ئهو جۆره كهسانه بدهمهوه كه بهو جۆره قسه لهسهر پێشمهرگه دهكهن، بهڵام لهگهڵ ئهوهشدا دەبێت برادهرانى ئێمه له بهشی ڕاگهیاندنى وهزارهتى پێشمهرگه لێكدانهوه و بهدواداچوون بۆ ئهو گوتانه بكهن كه لهلایهن ئهو میوانهى بهرنامهى پانۆڕاما له كهناڵى (کوردسات) كرا و گوتى (پێشمهرگه هێزێكى بهكرێ گیراوه لهلایهن ئهمریكا)وه".
لەلایەن خۆیەوە ھەڵگورد حیکمەت، بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ھۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە، ڕاگەیاند: ”بەهۆی ئەوەی وەزارەتی پێشەرگە ئەرکی پاراستنی ناوبانگی پێشمەرگەی لەسەر شانە، بۆیە ھەر کەسێک لەھەر ئاستێکی کۆمەڵایەتیدا بێت، ھێرش بکاتە سەر پێشمەرگە، ئەوە وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی یاساییەوە، ڕێکاری لە بەرامبەر دەگرێتە بەر و بەھەمان شێوەش ئەم کەیسە دەچێتە دادگا و دادگا دوا بڕیار دەدات، بۆیە ئەم کەیسەی شێرزاد شێخانی دەبرێتە دادگا“.
لە بەرامبەر ئەو کاردانەوانەدا، شێرزاد شێخانی، لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە ناوەڕۆکەکەی لە میدیاکانی سلێمانییەوە بڵاو کراوەتەوە، بۆ بەرگریکردن لە خۆی، ئەو کەیسەی سروە عەبدولواحیدی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕانی نوێ کردووەتەوە کە تێیدا کەسوکاری پێشمەرگە شەهیدەکانی بە “خۆفرۆش” وەسف کردبوو.
شێرزاد شێخانی جگە لە تازەکردنەوەی کەیسەکەی سروە عەبدولواحید، جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو قسانە دەربڕیوە و نووسیویەتی: “سروە عەبدولواحید بەرگری لە پێشمەرگە کرد و گوتی ژنەکانیان برسییانە”.
پاش قسەکانی سروە عەبدولواحید لەبارەی کەسوکاری پێشمەرگە، بەشێوەیەکی فەرمی، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان و ژمارەیەک کەسایەتی و لایەنی جۆراوجۆر، سکاڵای یاساییان لە دژی سروە عەبدولواحید تۆمار کرد و کەیسێکی تایبەت بەم "سووکایەتییە" لە دادگا کرایەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەختیاری حەیدەر، نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ڕاگەیاندووە، ھەڵمەتێک بۆ ناشیرینکردنی پێشمەرگە و سەروەرییەکانی کوردستان ھەیە و ئامانج لێی نەهێشتنی هیچ پیرۆزییەکە لە کوردستان.
بەختیار حەیدەر ئاماژەی بەوە دا، کە سەرەتا عەدنان عوسمان، پەرلەمانتاری پێشووی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەستی بە هەڵمەتەکە کردووە و ”پێشمەرگەی بە میلیشیا ناوبرد“ووە و دواتریش سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ”خێزانی شەهیدانی پێشمەرگەی بە خۆفرۆش“ تۆمەتبار کرد. بۆیە داوای گرتنەبەری ڕێگەی یاسایی لە بەرامبەر ئەو کەسانە کرد کە سووکایەتی بە پێشمەرگە دەکەن.
BAS NEWS-
