ڕۆژنامەنووسێک: ھەندێک کەس لە میدیاکانی کوردستانەوە بە ئاشکرا سووکایەتی بە پێشمەرگە دەکەن
عەبدولڕەزاق عەلی، ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر، راگەیاند: "لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا، لە ھەموو ڕۆژگار و سەردەمەکاندا، خەڵکێک ھەبوون سووکایەتییان بە پێشمەرگە، وەک ڕەمزی بەرگری خەڵکی کوردستان کردووە، بۆیە ئێستاش ئەوە ھیچ نامۆ نییە".
ئەو رۆژنامەنووسە، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەوەی ھەیە، ئەو سووکایەتییەی لە ڕۆژگاریی ئەمڕۆدا بە پێشمەرگە دەکرێت، جیاوازی زۆر بەرچاوی لەگەڵ سەردەمەکانی تر ھەیە، وەک سووکایەتیکەرانی دوێنێ خەڵکێکی خائین و خۆفرۆشی ناسراو بوون، بە ئاشکرا و بە سەر و ماڵ لەگەڵ دوژمناندا بوون، وەلێ ئەوانەی ئەمڕۆ، خۆیان بە نیشتمانپەروەر و دیموکراسیخواز دەزانن، ھەیانە پەرلەمانتارە، ھەیە وەزیر و مامۆستای زانکۆیە، یان سەرکردەی حزبە، ھەروەھا ئەو پێشمەرگەیەی ئەمڕۆ سووکایەتی پێ دەکەن، لە شەڕێکی نەک نێوخۆیی، بگرە جیھانیدایە لەگەڵ دوژمنێکی زۆر دڕندە و دواکەوتوو و مەترسیدار، جیا لەوەی ئێمە لە ئاستانەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی داین، ئەو وەرچەرخانەش پێش ھەر شتێک پێویستی بە پێشمەرگەیە".
ئەوەشی روون کردەوە: "سووکایەتی جاران لە میدیایەکی لۆکاڵی دوژمنانەوە دەکرا، ئێستا لە میدیای کوردی و کوردستانییەوە بە ئاشکرا و بە دەنگی بەرز سووکایەتی بە پێشمەرگە دەکەن.
عەبدولڕەزاق عەلی، گوتیشی: "ھەر بۆیە، سووکایەتیکەرانی ئەمڕۆ لە ھی دوێنێ خراپترن، نا نیشتمانیترن، ئەو میدیایەش سووکایەتییەکانیان بڵاو دەکاتەوە، لە باشترین تەعریفیدا میدیایەکی نانیشتمانی و نابەرپرسیارە، تەوقیتی سووکایەتییەکانیش، ھەزار و یەک گومان دەخاتە سەر خودی ئەو کەسانەی کە سووکایەتی دەکەن".
BAS NEWS-
