ئەفرام: لە عێراق پیلانێک بۆ وەدەرنانی کریستیانەکان هەیە
(عەبدولئەحد ئەفرام)، سکرتێری گشتیی یەکێتیی دیموکراتی کلدان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''زوڵم و زۆر و ڕاوەدوونانی کریستیانەکان لە عێراقدا بەردەوامە و ھەر لە شاری بەغداوە تا دەشتی نەینەوا پیلانێک ھەیە بۆ ئەوەی کریستیانەکان ناچار بکرێن لە عێراق بچنە دەرەوە، بەڵام ئەو کارەساتانەی پێشتر لە بەغدا ھەبوون، بەو قەبارەیە نەماون، ھەرچەندە تاوان لە دژی ھاووڵاتییانی کریستیان ھەر بەردەوامە و بەو ھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر کریستیان ئاوارەی ھەرێمی کوردستان و دەرەوەی عێراق بوونە و ھێشتا ئامادە نین بگەڕێنەوە سەر شوێنەکانیان.''
(عەبدولئەحەد ئەفرام) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''تەنیا لە شارۆچکەی تلکێفدا نیزیکەی سێ ھەزار خێزانی کریستیان نیشتەجێ بوون، بەڵام دوای ساڵی ١٩٧٥ حکوومەتی عێراق ژمارەیەک خێزانی عەرەبی لە گەیارە و ناوچەکانی دیکەی عەرەبەوە ھێنایە سەر زەویی کریستیانەکان و بەو ھۆیەوە لەو سێ ھەزار خێزانە تەنیا ٦٠ خێزانێک لە عێراقدا مانەوە و ئەوانی تر بەرەو ئەمەریکا کۆچیان کرد و ئاوارە بوون، ئەوەش ھەمووی لە ئەنجامی ئەو زۆلم و زۆرەی لە عێراقدا لە خەڵکی ئێمە دەکرێت، ئەوانەیشی ماونەتەوە دوای ھێرشی داعش ناچار بوون ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان و ئامادە نین بە ھۆی ھەبوونی عەرەبی هاوردەوە بگەڕێنەوە سەر شوێنەکانیان.''
KDP-
