دەخیل قاسم: حەشدی شەعبی ھاتووەتە شنگال بۆ ئەوەی ھاوکاریی ڕژێمی سووریا بکات
(دەخیل قاسم حەسوون)، کەسایەتی دیاری شنگال و قایمقامی پێشووی ئەو شارە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''وڵاتانی ھاوپەیمانان بۆ ڕزگارکردنی ھەر ناوچەیەک لە عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ ھەرێم و عێراق کاریان کردووە، بەڵام ھاتنی حەشدی شەعبی ڕێزنەگرتنە لە ڕێککەوتنەکان و گوێنەدانە بە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بۆیە ئەو کارەیان کردووە، دەنا بە پێی ڕێککەوتن بڕیار بوو ھێزی پێشمەرگە ناوچەکانی کوردی ئێزدی ڕزگار بکات.''
(دەخیل قاسم حەسوون) گوتی: ''حەشدی شەعبی ھاتووە بۆ شنگال لەبەر ئەوەی ناوچەیەکی ستراتیژییە، بەتایبەت چیای شنگال، بۆیە ھاتوون کە دەتوانن لەو ڕێیەوە ھاوکاریی ڕژێمی سووریا بکەن و جگە لەوەش بۆ دروستکردنی ھیلالی شیعە ئەو ناوچەیە گرینگە و ھەڵبژاردنیش نیزیک بووەتەوە، دەیانەوێت دەنگی خەڵک بەدەست بێنن.''
(حەسوون ) ڕوونیشی کردەوە: ''ئەگەر بە سەرپەرشتیی ھاوپەیمانان ڕێککەوتنێکی دیکە نەکرێت، شنگال تووشی کێشەی زۆر گەورە دەبێت، بەتایبەت لە ڕووی ئەمنی و سیاسییەوە.''
KDP-
