حزبە سیاسییەکان؛ ئەمساڵ کوردستان بڕیار دەدات

 	 حزبە سیاسییەکان؛ ئەمساڵ کوردستان بڕیار دەدات
حزبە سیاسییەکانی کوردستان پێیان وایە ناکرێت بەو عەقڵییەتەی بەغداوە، کوردستان تاسەر مامەڵەی لەگەڵ بکات و، داواش دەکەن بۆ ئەمساڵ بڕیاری چارەنووسساز لە هەرێمی کوردستان بدرێت.دەشڵێن، ئەمساڵ کوردستان بڕیار دەدات.

(هۆشیار زێباری)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ (کەناڵی عەرەبیە حەدەس) ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەمساڵ ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت، دەبێ گەلی کوردستان لەو ڕێیەوە چارەنووسی خۆی دیاری بکات، چونکە ناکرێ کوردستان بە دیار قەدەری بەغداوە بوەستێت، گەلێک خاوەنی هێزی پێشمەرگە بێت، هەر دەبێ ڕۆژێک چارەنووسی خۆی دیاری بکات.''

(زێباری) ئەوەش دەخاتەڕوو: ''ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیراسەی ئەوەدایە، کە بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا دەکات یان نا.''
(محەمەدی حاجی مەحموود)، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە دوایین گەشتیدا کە لەگەڵ (مەسعوود بارزانی)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەورووپا کردیان و نوێنەرایەتیی وڵاتانیان بینی، (بارزانی) پەیامی گەلی کوردستانی بە وڵاتان گەیاند و پێی گوتن، کە ئێمە دەمانەوێت بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین و گرینگە گەلانی دنیاش ئاگاداری ئەوە بن. ئەو کەسانەی ئێمە لە ئاستی باڵادا بینیمانن، پشتیوانییان لە سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم کرد. ئەمساڵ ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت، ئەمەش بە پاڵپشتییەکی بەهێز دەبێت.''

سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان گوتیشی: ''ئەمجارە کورد بە تەنیا چیاکان پشتیوانی نابێت، بەڵکو ئەمجارە ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەسەر هێڵ دەبن، بەڵام ئەوە بڕیاری گەلی کوردستانە، کە دواجار بابەتەکە یەکلایی دەکاتەوە. سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە ی بە پرسەکە کردووە و پێشی گوتراوە، ڕەنگە لە داهاتوو گۆڕانکاری دیکەش ڕووبدات، نەتەوە یەکگرتووەکان تا ڕادەیەک ئامادەییان بۆ سەرپەرشتیکردنی ڕیفراندۆم دەربڕیوە و ئەمەش جێی خۆشحاڵییە.''

(زیرەک کەمال)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''دەرفەتی میژوویی بۆ گەلی کوردستان هاتووەتە پێشەوە و دەبێ ئەو دەرفەتە لەدەست نەدرێت و کار بکرێت بۆ ئەوەی چارەنووسی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا بڕیاری لەسەر بدرێت، بۆ ئەمەش گرینگە حزبەکان بگەنە لێکگەیشتنی سیاسی و لەو بارەوە بڕیار بدەن، چونکە هەندێک دەرخستە ئەوەمان بۆ دەردەخەن، کە پشتیوانی بۆ گەلی کوردستان هەیە و دەبێ ئەو پشتیوانییە فراوان بکرێت.''

(زیرەک کەمال) گوتیشی: ''لە هەموو ئەگەرێکدا دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دەنگی خەڵکی کوردستان، کە دەنگی ئەوانیش چەند ساڵە ئەوەیە کە چارەنووسی گەلی کوردستان دیاری بکرێت و بەداخەوە ئەو شەراکەتەی لە بەغدا باسی کرا نەهاتەدی و کورد پەراوێز خرا.''
تا ئیستا بەشێکی زۆری حزبەکانی کوردستان نوێنەری خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دیاری کردووە، بڕیاریشە ئەمساڵ ئەو پرسە یەکلا بکرێتەوە.

(د. محەمەد بازیانی)، سەرۆکی ڕەوتی چاکساز و گەشە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پرسی ڕیفراندۆم لە دەستووری عێراقدا هاتووە و هەیە و ئێستاش گەلی کوردستان داوای ڕیفراندۆم دەکەن، هەروەک پێشتر لە ڕومادی داوای بە هەرێمکردنی شارەکەیان دەکرد، بەڵام بینیمان چۆن ڕووبەڕوویان بوونەوە، دواتر لە بەسرەش داوای بە هەرێمکردنی ناوچەکەیان کرد و ئەوانیش پرۆژەکەیان لەناو برا، بۆیە دەبێ گەلی کوردستان وریا بێت لەو فێڵانەی بەکار دەهێنرێن و دەبێ دەستوبرد بکات لە بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی، چونکە بەداخەوە ئەو عێراقەی باسی لێوە دەکرا شەراکەت و پێکەوەژیان و یەکسانی بێت، وا دەرنەچوو.''
(د. محەمەد بازیانی) ئەوەشی خستەڕوو: ''مافێکی دەستووری و یاساییی خەڵکی کوردستانە، کە لە ڕێی ڕیفراندۆمەوە بڕیار لە چارنووسی خۆی بدات و دەبێ هەوڵەکانی لەو ڕوانگەیەوە بێت، کە ئەم پرسە ئەمساڵ بکرێت.''

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ڕیفراندۆم چەندین کۆبوونەوەیان کردووە، (ڕەھبەر سەید برایم)، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: ''یەکێتی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان سوورە و لە نەخشەڕێگاکەماندا بە تێروتەسەلی باسی ئەو پرسە نیشتمانییە کراوە، ھەروەھا ھەمیشە لەکاتی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیدا بە جددی باسی سەربەخۆییی کوردستان دەکرێت، داواش لە ھەموو حزبەکان دەکەین، بەزوویی ئەو پرسە نیشتمانییە یەکلا بکەنەوە، چونکە ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان لە سەرووی ھەموو شتێکەوەیە.''

(ڕەھبەر سەید برایم) گوتیشی: ''ئێستا پەیوەندیی لایەنە سیاسییەکان تاڕادەیەک باشە، بۆیە ھیوایەک ھەیە بۆ ئەوەی ھەموومان بتوانین کێشەکانی خۆمان چارە بکەین.''

KDP-
Top