ئاسۆ کەریم: ھیچ لایەنێکی سیاسی دژی ڕیفڕاندۆم نییە

 ئاسۆ کەریم: ھیچ لایەنێکی سیاسی دژی ڕیفڕاندۆم نییە
(ئاسۆ کەریم) شرۆڤەکاری سیاسی پێی وایە ھیچ لایەنێکی سیاسی لە ھەرێمی کوردستاندا دژی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی نییە و تەنیا بۆچوونی جیاواز لەبارەی کات و چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەوە ھەیە و نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن. دەشڵێت، پێویستە لایەنەکان پەلە بکەن بۆ ئەوەی ڕێک بکەون، تا خەڵک لەو دڵەڕاوکێیەدا نەمێنێت و بتوانن بڕیاری خۆیان بدەن.

(ئاسۆ کەریم)، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەموو لایەنە سیاسییەکان کۆکن لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ھیچ لایەنێک تا ئێستا دژی ڕیفڕاندۆم نییە، بەڵام ناکۆکی و بۆچوونی جیاواز لەسەر چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و کاتی ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم ھەیە و پێویستە لایەنە سیاسییەکان کار بۆ ئەوە بکەن لە ئایندەیەکی نیزیکدا بگەنە ڕێککەوتن بۆ چارەکردنی پرسی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم، چونکە کات ھەر دەڕوات و خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانیی ئەوەدانە لە پڕۆسەکەدا بەشداری بکەن و لەمساڵدا ئەنجام بدرێت.''

(ئاسۆ کەریم) گۆتیشی: ''ڕاستە ئەگەر لەمساڵدا ڕیفڕاندۆم بەڕێوە بچێت، کات دەڕوات، بەڵام پڕۆسەکە ئەوەندەی ناوێ ئامادەکاریی بۆ بکرێت، چونکە تەنیا پرسیارێک لە ھاووڵاتییان دەکرێت؛ کە دەتانەوێ لە چوارچێوەی عێراقدا بمێننەوە، یان جیا ببنەوە. ئەوەش تەنیا ھەندێ کاروباری کۆمیسیۆنی پێویستە بۆ پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران و ھەندێ ڕێوشوێنی پێویست، دەنا کات درەنگیش بێت، دەکرێ لەمساڵدا ڕیفڕاندۆم لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت.''
KDP-
Top