سەندیکای پارێزەران: دەبێ بە یاسا رێ لە سووکایەتیکردن بە پێشمەرگە بگیرێت
بەختیاری حەیدەر، نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان رایگەیاند، ھەڵمەتێک بۆ ناشیرینکردنی پێشمەرگە و سەروەرییەکانی کوردستان ھەیە و ئامانج لێی نەهێشتنی هیچ پیرۆزییەکە لە کوردستان.
بەختیار حەیدەر ئاماژەی بەوە دا، کە سەرەتا عەدنان عوسمان، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان و سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی بە هەڵمەتەکە کرد و ”پێشمەرگەی بە میلیشیا ناوبرد“ و دواتریش سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ”خێزانی شەهیدانی پێشمەرگەی بە لەشفرۆشی“ تۆمەتبار کرد.
نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان باسی درێژەکێشانی هەڵمەتەکەی کرد و رایگەیاند، شێرزاد شێخانیش بە هەمان شێوە سووکایەتی بە پێشمەرگە دەکات و ئاماژەی بە پێویستیی سزای یاسایی کرد لەبەرامبەر سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان، ”ناکرێت لە ھەرێمی کوردستان یاسا سەروەربێت بەم شێوەیەش سوکایەتی بە پێشمەرگە بکرێت“.
بەختیار حەیدەر هۆشداریی دا لەوەی ئەگەر بەپێی یاسا سنوورێک بۆ ئەو سووکایەتییانە دانەندرێت، ئەوا ”شتی خراپتریش روو دەدات“ و ”نابێ“ لەژێر ناوی ئازادییەوە ”ھەرچی سوکایەتی ھەیە بەم وڵاتە بکرێت“.
نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بەپیویستی دەزانێ وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەیسی سووکایەتیکردن بە پێشمەرگە لەلایەن شێرزاد شێخانی و هەر کەسێک بگەیەنێتە داواکاری گشتی و دادگا، چونکە ئەم لێدوانانە ”جۆرێکن لە دنەدان“ لە دژی پێشمەرگە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان.
ئەو لێدوانانەی ئەو سەرکردە و پەرلەمانتارانەی گۆڕان و رۆژنامەنووسان لە دژی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان لە کاتێک دایە، کە سێ ساڵە پێشمەرگە شەڕی دژی دەوڵەتی تیرۆریستی داعش دەکات و بەرگریی لە کوردستان دەکات، تا ئێستاش نزیکەی 1700 پێشمەرگە گیانی خۆیان بۆ ئاڵا، خاک و خەڵکی کوردستان کردووەتە قوربانی.
باسنیوز
