کۆیە.. ئامێرەکانی ھەڵکەندنی بیر دەستیان بەسەردا دەگیرێت
سەرکەوت رەسوڵ، قایمقامی شاری کۆیە، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کودستان، لە سنووری شاری کۆیەش چەند ئامێرێکی ھەڵکەندی بیری ئاو بە شێوەی نایاسایی کاریان دەکرد، بۆیە دوای ئەوەی لەگەڵ لایەنی پەیوەندار کۆبووینەوە، ھەڵمەتێکی دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئامێرانەمان دەست پێکرد".
قایمقامی کۆیە، ئەوەشی خستەڕوو: "بڕیارمان داوە کە ئەو ئامێرانە بەھیچ شێوەیەک لە ھەرێمی کوردستان نەھێلێن و وا دەکەین ببرێنەوە ئەو شوێنانەی کە لێوەی ھاتوون، ھەروەک بازگەکانیش ئاگادار کراونەتەوە کە دەست بەسەر ھەموو ئەو ئامێرانەی لێدانی بیر ھەڵکەندندا بگرن کە بێ مۆڵەتن".
ھێمای بۆ ئەوەشکرد: "بەدەر لەوەش خۆشبەختانە دوای ھەوڵ و ماندوبونێکی زۆری لایەنە پەیوەندارەکان، دیاردەی زێدەڕۆیی کردنە سەر موڵکی گشتی لە سنووری شاری کۆیە، بەرەو کەم بوونەوەو نەمان دەچێت".
باسنیوز
