ھەندێک لایەن بە وەکالەت شەڕ لە دژی ریفراندۆم دەکەن

ھەندێک لایەن بە وەکالەت شەڕ لە دژی ریفراندۆم دەکەن
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوە دەدات کە ھەندێک خەڵک و لایەنی سیاسی، لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستانەوە ھاتوون و شەڕی بەوەکالەت دەکەن، دەیانەوێت لەو ڕێگایەوە لە ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بدەن و پرسی ڕیفراندۆم راگرن.




سیروان عەبدولڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتیی کوردستان، راگەیاند: "ھەندێک خەڵک و لایەنی سیاسی لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستانەوە ھاتوون، وەک بڵێی شەڕی بەوەکالەت بۆ بەغدا و دەوروبەر دەکەن، دەیانەوێت لە ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بدەن، لە ھەمان کاتدا ڕێگری لە ئەنجامدانی پرسی ڕیفراندۆم بکەن، کە خەون و ئامانجی ھەموو گەلی کوردستانە".



ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستەڕوو: "سەربەخۆی لە ھەگبەی بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و حکوومەت و لایەنە سیاسییەکاندایە، رۆژ بەڕۆژیش ھەموو ھەوڵە دیپلۆماسییەکان لە ناوخۆ و لەسەر ئاستی جیھان زیاتر، بۆ ئەوەی پاڵپشتی تەواو وەربگرین، ھەوڵەکانیش لەگەڵ بەغدا بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بەدی بھێنرێت".



ئەوەشی روون کردەوە: "ئاراستەی ھەرێمی کوردستان بەرەو سەربەخۆییە، بۆیە ئەوان چاویان بەو دۆخەدا ھەڵنایەت، دەیانەوێت وەک رژێمە یەک لە دوای یەکەکان، مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکەن، ئێمە کاتێک لەگەڵ عەبادی کۆبووینەوە، لێمان پرسی بۆچی لەگەڵ پرس و کێشەکانی کورد ھیچ کاتێک بە شێوازێکی ئەرێنی مامەڵە ناکەن، ھەر ئەوەشە وای کردووە ئێمە بیر لە ڕیگە چارەی دیکە و ناوەندی دیکە بکەینەوە".
".

سیروان عەبدولڵا، گوتیشی: "ئەو ھێزانەی ئێستا لە شنگالن، ھێزی لۆکاڵین و لە ژێر دروشمی حەشدی شەعبی، یان لە بەغدا و دەوروبەری ھاتوون، دەزانین چیان بەسەر خەڵکی ئەو ناوچانەدا ھێناوە، ھەر بۆیە پێویستە ھەم خەڵکی ھەرێمی کوردستان، ھەم خەڵکی ئەو ناوچانە دڵنیابن نە ئەو ھێزانە نە حکوومەتی ناوەندیش خێر و خۆشیان پێ نادەن".
bas news-
Top