ئاسایشى كه‌ركووك : تا ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر حه‌ویجه‌ نییه‌

ئاسایشى كه‌ركووك : تا ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر حه‌ویجه‌ نییه‌
گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایشى كه‌ركووك، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، تا ئێستا هیچ بڕیارێك له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌ بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر شارۆچكه‌ى حه‌ویجه‌ نییه‌ و ڕێكخراوى داعشیش شوێنپێی خۆى له‌و شارۆچكه‌یه‌دا، توندتر ده‌كات.

نه‌قیب فه‌رهاد حه‌مه‌ عه‌لى، گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌ه‌به‌رایه‌تى ئاسایشى كه‌ركووك (پارتى) ڕاگه‌یاند :" تا ئێستا له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقه‌وه‌ هیچ بڕیارێك بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر حه‌ویجه‌ و ئازادكردنى نییه‌، ڕێكخراوى داعشیش گرووپَكى تیرۆریستییه‌ و هه‌ر شتێكیان پێبكرێت بۆ مانه‌وه‌ و به‌رگریكردن له‌خۆیان له‌و شارۆچكه‌یه‌دا ده‌یكه‌ن".

گوتیشی :" تا خوله‌كێك زووتر حه‌ویجه‌ ئازاد بكرێته‌وه‌، زووتر ئارامى بۆ پارێزگاى كه‌ركووك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، كه‌ ڕێكخراوى توندڕه‌ى داعش، تا دێت شوێنپێی خۆى له‌و شارۆچكه‌یه‌ توندتر ده‌كات.

پێشتر، شاخه‌وان عه‌بدوڵا ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له‌ لێدوانێكىدا بۆ (باسنیوز) ئاشكرایكرد ، كه‌به‌پێى زانیارییه‌كانیان نزیكه‌ى دوو هه‌زار چه‌كدارى داعش له‌ حه‌ویجه‌دان.

ڕۆژى 7/5/2017 ڕێكخراوى داعش له‌ ڕێگه‌ى ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌ى كه‌یوان له‌ پارێزگاى كه‌ركووك و به‌وهۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ شه‌هید و برینداربوون، دواتر ته‌واوى چه‌كداره‌ هێرشبه‌ره‌كانى داعش، كوژران.
bas news-
Top